فوئاد حوسێن: ئامادەین بۆ نێوەندگیریی تاران و واشنتن
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت: ئامادەین نێوەندگیریی تاران و واشنتن بکەین، چونکە نامانەوێت جەنگێکی دیکە هەڵبگیرسێت.
هەینی، 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە واشنتن قسەی بۆ رادیۆی ئەوروپای ئازاد کرد و گوتی: عێراق بە هیچ شێوەیەک نایەوێت جەنگێکی دیکە لەناوچەکە هەڵبگیرسێت، لەبەر ئەوە ئامادەیە نێوەندگریی ئەمریکا و ئێران بکات.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە دا، عێراق بڕوای وایە دیپلۆماسییەت رێگەیەکی دروستە بۆ کۆتایهێنان بە جەنگ، هەموو جەنگێکیش هەر بە دیپلۆماسییەت تەواو دەبێت، عێراقیش یەکێک بووە لە گەورەترین قوربانییەکانی جەنگی ئەمریکا و ئێران. هاوکات راشیگەیاندووە، لایەنەکانی جەنگ چەند جارێک هێرشیانکردووەتە سەر عێراق.
فواد حوسێن، لەبارەی گەرووی هورمزەوە، ئەوەی خستەڕوو، ماوەی سێ هەفتەیە عێراق هەناردەی نەوتەکەی لە گەرووی هورمزەوە دەستپێکردووە؛ بەڵام نیگەرانین لەوەی جارێکی دیکە جەنگ دەستپێبکاتەوە.
دەشڵێت: دانوستان لە نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و گرووپە چەکدارەکان بەردەوامە، رەنگە بگەنە رێککەوتنێکی نوێ، ئەوان پشتیوانی پلانی حکوومەت دەکەن؛ بەڵام دوو گرووپ هێشتا پشتیوانیی خۆیان بۆ پلانەکەی حکوومەت دەرنەبڕیوە.