بانکی ناوەندیی ئێران لەسەر داڕمانی تمەن هاتە دەنگ

بەهۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی دراوە بیانییەکان و گەیشتنی یەک دۆلاری ئەمریکی بۆ زیاتر لە 258 هەزار تمەن، بانکی ناوەندیی ئێران راگەیەندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە ئەم داڕمانەی تمەن لەگەڵ بنەما ئابوورییەکاندا یەکناگرێتەوە و دەستوەردانی یاسایی لە کڕین و فرۆشتنی دراو و زێڕدا دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ.

هەینی 2ـی تشرینی دووەمی 2026، بانکی ناوەندیی ئێران لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە ناسەقامگیری و هەڵکشانی شێتانەی نرخی دراوە بیانییەکان لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتەدا رایگەیاند، ئاستی ئێستای نرخی دراوەکان لەگەڵ دۆخ و بنەما ئابوورییە راستەقینەکاندا ناگونجێت، بەڵکو ئەم بەرزبوونەوەیە زیاتر لەژێر کاریگەریی نادڵنیایی سیاسی، گوشاری دەروونی و چاوەڕوانیی بازاڕەکان بۆ گرژییەکان دروست بووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بانکی ناوەندی بەپێی دەسەڵاتە یاساییەکانی، لە پێناو راگرتنی هاوسەنگی و کۆنترۆڵکردنی بازاڕدا دەستوەردان لە پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی دراو و زێڕدا دەکات و هەموو ئامرازە بەردەستەکانی بەکاردەهێنێت.

ئەم هەڵوێستەی بانکی ناوەندی دوای ئەوە هات کە لە بازاڕی ئازادی دراوەکانی ئێراندا ژمارەی پێوانەیی شکێندرا و نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 258 هەزار و 465 تمەن، هاوکات نرخی یۆرۆ بۆ 292 هەزار و 350 تمەن و دراوی ئیماراتیش بۆ 70 هەزار و 800 تمەن بەرزبوونەوە.

هاوتەریب لەگەڵ دراوەکاندا، بازاڕی زێڕیش لە ئێران تووشی شۆکێکی گەورە بوو؛ بە جۆرێک نرخی یەک گرام زێڕی عەیار 18 گەیشتە نزیکەی 25 ملیۆن و 694 هەزار تمەن، و هەر سکەیەکی ئیمامیش بە 261 ملیۆن و 400 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە کرا، کە ئەمەش مێژووییترین ئاستی دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی ئێرانە لە بەرامبەر زێڕ و دراوە بیانییەکاندا.