ناسنامه‌ی ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ی كۆلۆرادۆ ئاشكرا كرا
په‌نابه‌رێكی سوورییه
K24 - مینیسۆتا - ئه‌مه‌ریكا:
پۆلیسی كۆلۆرادۆ ناسنامه‌ی ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ی ئێواره‌ی 22ی ئادار (مارس)ی 2021ی ئاشكراكرد كه گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 21 ساڵه به‌ناوی ئه‌حمه‌د ئه‌لعلێوی ئه‌لعیسا، كه تۆمه‌تباره به كوشتنی 10 كه‌س.
هه‌روه‌ها ته‌مه‌نی ئه‌وانه‌شی كه له رووداوه‌كه‌دا بوونه‌ته قوربانی له‌نێوان 20 - 65 ساڵیدایه له‌نێویاندا سێ كارمه‌ندی بازاڕه‌كه‌ی تێدایه له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس كه له‌كاتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ بكوژه‌كه‌دا، پێكرا و كوژرا.
بكوژه‌كه‌ش دوای ئه‌وه‌ی پێكراوه له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه له‌شوێنی رووداوه‌كه ده‌ستگیركراوه.
ئه‌حمه‌د ئه‌لعلێوی ئه‌لعیسا-ی تۆمه‌تبار له‌شاری ئارفادا-ی كۆلۆرادۆ-ه‌وه دوای بڕینی نیو كاتژمێر به ئۆتۆمۆبێل گه‌یشتۆته بۆڵدێر -ی هه‌مان ویلایه‌ت.
بكوژه‌كه به‌دله‌یه‌كی فیشه‌كدانی له‌به‌ردا بووه، جگه له ده‌مانچه‌یه‌ك، چه‌كێكی گه‌و‌ره‌ی پێبووه له جۆری Ruger ar 556 كه پێش شه‌ش رۆژ له‌مه‌وبه‌ر كڕیویه‌تی، به‌و پێیه‌ی به گوێره‌ی یاسا و رێساكانی تایبه‌ت، مۆڵه‌تی كڕینی چه‌كی هه‌بووه.
وه‌ك له كامێراكانی چاودێری ده‌رده‌كه‌وێت، بكوژه‌كه له‌ناو پاركی ئۆتۆمبێله‌كانه‌وه تا گه‌یشتۆته ناو ماركێته‌كه خه‌ڵكی كوشتووه.
به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان تا ئێستا بكوژه‌كه دانی به‌وه‌دا نه‌ناوه بۆچی ئه‌و كاره‌ی كردووه، ته‌نیا دانی به‌وه‌دا ناوه كه 10 كه‌سی كوشتووه. به‌ڵام به‌پۆلیسی وتووه كه یه‌كێك له‌هاوپۆله دێرینه‌كانی پێیانوتووه (تیرۆریست). به‌پێی به‌ڵگه‌یه‌كی ڤیدیۆیش كه پێشتر تۆماری كردووه و بڵاویكردۆته‌وه تووڕه‌یه و هه‌ڕه‌شه ده‌كات.
تۆمه‌تباره‌كه هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مه‌ریكییه و له‌سووریا-وه به خێزانه‌وه هاتوونه‌ته ئه‌مه‌ریكا.
به‌پێی په‌ڕاوی پۆلیس ساڵی 2018 ئاماده‌یی ئارفادا-ی كۆلۆرادۆ ته‌واو كردووه، به‌ڵام ساڵی 2017 دووجار بانگی به‌رده‌م دادگا كراوه به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێرشی كردۆته سه‌ر هاوڕێ قوتابییه‌كانیی.
هه‌روه‌ها یاریزانی زۆرانبازی بووه له ئاماده‌یی و دووجاریش خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه.
به‌پێی قسه‌ی براكه‌ی (عه‌لی ئه‌لعیسا) ته‌مه‌ن 34 ساڵ، كه بۆ رۆژنامه‌ی ده‌یلی بیست دواوه، عه‌لی نه‌خۆشی پارانۆیا-ی هه‌بووه و كه‌سێكی ئه‌نتی سۆشیال بووه و هه‌میشه دووره په‌رێز وه‌ستاوه و له كۆمه‌ڵگه گۆشه‌گیر بووه.
به‌پێی راپۆرتێكی رۆیته‌رز، ئه‌حمه‌د ئه‌لعیسا دوو رۆژ به‌ر له‌رووداوه‌كه، خۆی چه‌كدار كردووه له ماڵه‌وه بووه له‌شاری ئارفادا و یاری به‌ده‌مانچه‌كه‌ی كردووه.
ئه‌م نمایشكردنه خێزانه‌كه‌ی نیگه‌ران كردووه. مێردی خوشكه‌كه‌ی به پۆلیسی وتووه كه ئه‌حمه‌د هه‌میشه حه‌زی به چه‌كهه‌ڵگرتن بووه. مێردی خوشكه‌كه‌ی كه نه‌یویستووه له مه‌حكه‌مه ناوی تۆماركرێت گوتویه‌تی: "به‌دیواری ژووره‌وه فیشه‌كه‌كانی هه‌ڵده‌واسی و ده‌مانچه‌كه‌شی هه‌ڵواسیبوو".
به‌پێی راپۆرتێكی سی ئێن ئێن تا ئه‌مساته خێزانه‌كه‌ی هیچ پارێزه‌رێكیان بۆ ئه‌حمه‌د نه‌گرتووه و خۆشی داوای پارێزه‌ری نه‌كردووه.
هه‌روه‌ها رۆژی 23ی ئادار/ مارسی 2021 سه‌رۆك جۆو بایدن له‌وتارێكدا له كۆشكی سپی، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه شارێكی دیكه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌هۆی توندوتیژی چه‌كدارییه‌وه تووشی خوێنبه‌ربوون بوو. داوای له‌كۆنگرێس كرد رێوشوێنێك ببیننه‌وه بۆ كۆنترۆڵكردنی چه‌ك و مۆڵه‌تپێدان قورس‌تر بكه‌ن. گوتیشی: "ناتوانم بیهێنمه پێش چاوم هه‌ستی ناخۆشی ئه‌و خێزانانه، ئاینده‌ی چه‌ند كه‌سێك فه‌وتا و ئازیزانیان له‌ده‌ستدا".
بایدن بڕیاریدا كه ئاڵای ئه‌مه‌ریكا له ویلایه‌ته‌كه تا نیوه داگیرێت تا رۆژی 27ی ئادار، به‌ڵام حاكمی ویلایه‌ته‌كه پێیباشبوو ئه‌و ماوه‌یه تا 1ی نیسان درێژبكرێته‌وه.
به‌پێی هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی زه دێنێڤه‌ر پۆست، پۆلیس ناوی هه‌ر 10 قوربانییه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه:
*دینی ستۆنگ، 20 ساڵ.
*نێڤین ستانیسیك، 23 ساڵ.
*ریكی ئۆڵدز، 25 ساڵ.
*ترالۆنا بارنكۆڤال، 49 ساڵ.
*تیری لیكه‌ر، 51 ساڵ.
*ئه‌فسه‌ری پۆلیس، ئیریك ئالی، 51 ساڵ.
*سوزانا فاونتین، 59 ساڵ.
كیڤن ماهۆنی، 61 ساڵ.
*لین مورای، 62 ساڵ.
*جودی ووترز، 65 ساڵ.