ھۆشداری لەبارەی كوالێتی بەشێك لە شیری قوتو دەدرێت

"بەشێك لە راگەیاندنەكان كەوتوونەتە ھەڵەیەكی گەورەوە ریكلامی سەرنجڕاكێش بۆ ئەو جۆرە شیرانە دەكەن"

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – ھەولێر

بەگوێرەی زانیارییەكان زیاتر لە 50 جۆر شیری قوتو لە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان ھەیە، پزیشكێك ھۆشداری دەدات و دەڵێ "پێویستە لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە پێكبھێنرێت و ھەڵمەتێكیش لە راگەیاندنەكان دەستپێبكات، بۆ ئەوەی شیری دایك، بە دایك و منداڵان ئاشنا بكرێتەوە".

د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "بوونی زیاتر لە 50 جۆر شیری قوتو لە بازاڕەكان یەكێكە لە خراپییەكان، چونكە لەو ژمارە زۆرە بێگومان شیری كوالێتی خراپی تێدا دەبێت، نازانم چۆن رێگە بە ھاوردە كردن دەدرێت".

گوتیشی: "زۆر لە دایكان شیری قوتو بە منداڵەكانیان دەدەن، ئەمەش یەكێكە لە دیاردە خراپەكان، لە داھاتوودا كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر تەندروستی منداڵ، ئەمەش بۆ ناھۆشیاری تەندروستی و بە ھەڵە تێگەیشتنی دایكان دەگەڕێتەوە، بەداخەوە بەشێك لە راگەیاندنەكانیش كەوتوونەتە ھەڵەیەكی گەورەوە ریكلامی سەرنجڕاكێش بۆ ئەو جۆرە شیرانە دەكەن، چونكە بە ھیچ شێوەیەك یاسا رێگە نادات ریكلامی سەرنجڕاكێش بۆ شیری قوتو بكرێت، بە جۆرێك وا لە دایكان بكات شیرەكە بكڕن یان سەرنجی منداڵەكان رابكێشێ".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی، ئاماژەی بەوەشكرد: "ساغكردنەوەی ئەو ھەموو جۆرە شیرە لە بازاڕەكان كێبڕكێیەكی نا تەندروستی دروستكردووە و وایكردووە زۆربەی دایكان شیری قوتو بەكاربێنن، پێدەچێت بەرتیل درابێت بەو كەسانەی شیرەكان لە دوكان و دەرمانخانەكان دەفرۆشن، بەداخەوە نەبوونی ھۆشیاری تەندروستی وایكردووە خەڵك عاشقی ئەو پزیشكانە بن كە شیر و دەرمانی زۆریان بۆ دەنووسن، بیستوومانە پزیشك ھەبوو چەند جۆرە شیرێكی بۆ منداڵ نووسیوە، ھەبووە پێی گوتراوە كارتۆنێك شیر بكڕە نەك لە بازاڕ نەمێنێ، یان بە دایكان دەگوترێت شیری خۆت بە منداڵەكە ناكەوێت یان بەشی ناكات، ئەو قسانە دوورن لە راستییەوە. داوا لە راگەیاندنەكان دەكەین ھەڵمەتێك بكەن و شیری دایك ئاشنا بكرێتەوە بە دایك و منداڵان".

ئەوەشی خستەڕوو: "بۆ رێگری كردن لەو ھەموو جۆرە شیرە لە بازاڕەكان داوامان كردووە لیژنەیەك لە پزیشكانی پسپۆری منداڵان و خۆراك پێكبھێنرێت، لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم جۆرە شیرانە بكرێت، بزانرێت رێژەی مادەكان لەناو ئەو شیرانە چەندە، یەكەم شت دەبێ بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە بازاڕەكان سنووردار بكرێت".

د. پشدەر، راشیگەیاند: "كاری لە پێشینەمان ئەوەیە دەبێ دایكان ھانبدەین شیری خۆیان بە منداڵەكان بدەن و سوودەكانیان بۆ روون بكەینەوە، دەبێ بۆیان روونبكەینەوە تەنھا لە چ حاڵەتێك ناتوانن شیری خۆیان بە منداڵ بدەن، كە حاڵەتی زۆر دەگمەن ھەیە بۆ نموونە بوونی نەخۆشی گوازراوە، دەبێ حكومەت دیاری بكات كام شیر باشە و لە بازاڕ بفرۆشرێت".

جەختیكردەوە: "نابێ دایكان لە خۆیانەوە بڵێن شیری خۆم بەشی منداڵ ناكات، دەبێ ھەردوو لا سینگی لە شیر پڕ بكاتەوە ئەو كات شیر بداتە منداڵەكە، دواتر شیری قوتو بداتە منداڵەكە ئەگەر ئەو كات منداڵە خوارد دەردەكەوێت كە بە شیری دایك تێر نابێت".

سەبارەت بە ماوەی خواردنی شیری دایك، گوتی: "دەكرێ منداڵ تا سێ ساڵ شیری دایك بخوات، بەڵام گرنگە شەش مانگی یەكەم منداڵ تەنھا شیری دایك بخوات بێ ھیچ شتێكی دیكە، دوای شەش مانگ دەتوانن خواردنی دیكە لەگەڵ شیر بە منداڵان بدرێت، بەڵام لە ھیچ كاتێك نابێ شیری دایك لە منداڵ ببڕدرێت بەبێ ھۆكار، چونكە ھیچ خواردنێكی دیكە وەك شیری دایك تەندروست نییە بۆ منداڵ".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی، دووپاتیكردەوە: "گرنگە ھەڵمەتێك بۆ پێدانی شیری منداڵ لە سەرجەم پارێزگاكان بەڕێوەبچێت و سوودەكان بخرێنەڕوو، بۆ دایكانیش سوودی زۆری ھەیە نەك تەنھا بۆ منداڵان، بۆ نموونە بە شیردان بە منداڵ، دایك لە تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەكان دروو دەخاتەوە، جەستەی رێكدەخاتەوە، لە ھەمانكاتدا ئارامی بە دایكەكە دەبەخشێ و پەیوەندی سۆزداری نێوان دایك و منداڵ زیاد دەكات. ھاوكات ئەو منداڵەی شیر دەخوات منداڵێكی زیرەك دەبێت لەبەر ئەوەی دژە تەنەكان لە رێگەی شیری دایكەوە دەگوازرێنەوە و ھەوكردنی زۆر كەم دەبێت، شیری دایك نیعەتێتكی خوای گەورەیە بەراورد ناكرێت بە ھیچ شتێكی دیكە".

گفتوگۆ: ژینۆ محەمەد

Fly Erbil Advertisment