لە نەخۆشخانەی رزگاری زیاتر لە 160 بەرد لە میزڵدانی نەخۆشێک دەرهێندرا
لە نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوودا لە نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری لە شاری هەولێر، زیاتر لە 160 بەرد لە میزڵدانی نەخۆشێک دەرهێنران.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری، لە چوارچێوەی بەردەوامیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پسپۆڕییە تەندروستییەکان و بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی چاودێریی پزیشکی، تیمی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەکە سەرکەوتوو بوو لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی زیاتر لە 160 بەرد لە میزڵدانی نەخۆشێکدا.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، پرۆسەکە بە هەوڵ و هاوکاریی تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕ و کادری تەندروستیی شارەزا ئەنجام دراوە، کە تیمی پزیشکی بریتی بوون لە:
- د. سەرهەد ڕەشید – پسپۆڕی نەشتەرگەریی میزەڕۆ
- د. سوومەیە – پزیشکی نیشتەجێی دێرینی میزەڕۆ
- د. زریان – پزیشکی نیشتەجێی دێرینی میزەڕۆ
- د. ئەیاد – پزیشکی پسپۆڕی بێهۆشکاری (سڕکردن)
بەڕێوەبەرایەتی و کادری تەندروستیی نەخۆشخانەکە جەختیان لە گرنگیی کارکردنی تیمی،پسپۆڕیی پزیشکی و بەردەوامیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کردووەتەوە، بە ئامانجی دابینکردنی چاودێرییەکی گونجاو و کوالێتییەکی بەرز بۆ سەرجەم ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن.