سوپای عێراق زەوییەکانی تۆپزاوەی لە پلانی کشتوکاڵی دەرکردووە

بەهۆی دەرکردنی زەوییەکانیان لە پلانی کشتوکاڵی لەلایەن سوپای عێراقەوە، جووتیارانی گوندی تۆپزاوە لە کەرکووک سەردانی ئەنجوومەنی پارێزگایان کرد و هۆشداری دەدەن، زەوییەکانیان رووبەڕووی مەترسیی تەعریب و گوشاری هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە، داواش لە سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن دەستبەجێ کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن.

ژمارەیەک لە جووتیارانی گوندی تۆپزاوەی سەر بە پارێزگای کەرکووک، سەردانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان کرد بە مەبەستی گەیاندنی داواکارییەکانیان و راگرتنی ئەو زێدەڕۆیی و گوشارانەی لەلایەن هێزەکانی سوپاوە بەرامبەریان دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای عێراق زەوییەکانی تۆپزاوەی لە پلانی کشتوکاڵی دەرکرد.

جووتیارانی گوندەکە ئاماژە بەوە دەکەن، لەم کاتەدا زەوییە کشتوکاڵییەکانیان لەژێر هەڕەشەی جدیی پرۆسەی تەعریبدان و رۆژانە رووبەڕووی کۆسپ و رێگری دەبنەوە، داوای کۆتاییهێنان بە رەفتارەکانی سوپا و گەڕاندنەوەی مافی بەکارهێنانی زەوییەکانیان دەکەن.

مام عەبدوڵڵا، جووتیارێکی تۆپزاوە گوتی: راستە زەوییەکان داگیرکراون بەڵام موڵکی ئێمەن، بەڵام ئەوەی ئێمەی نیگەران کردووە هەبوونی سوپای عێراقە کە ناوە ناوە زەوییەکان داگیر دەکەن و کێشەمان بۆ دروست دەکەن و جووتیاران بێزار دەکەن بۆ ئەوەی شوێنەکە چۆڵ بکەن، چاوەڕوان بووین بەو بڕیارانەی کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەرچووە دۆخەکە باشتر بێت بەڵام بەداخەوە ماوەی چەند ساڵە ئەو بڕیارە دەرچووە و جێبەجێ نەکراوە.

لە رێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاوە، جووتیارانی تۆپزاوە  بانگەوازێکی بەپەلەیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بۆ ئەوەی دەستبەجێ بێنە سەر هێڵ، کۆتایی بە رەفتارەکانی سوپا لە ناوچەکەیان بهێنن و مافی بەکارهێنانی زەوییەکانیان بۆ بگەڕێننەوە.