واشنتن بۆ کۆمپانیاکان: مامەڵەکانتان لەگەڵ بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی هەڵپەسێرن

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە رێنمایییەکی نوێدا داوای لە سەرجەم کۆمپانیاکان کرد کە تاوەکو 1ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ مامەڵە بازرگانی و دارایییەکانیان لەگەڵ بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی عێراق کەم بکەنەوە و تا 1ـی کانوونی دووەمیش بە تەواوی رایانبگرن، ئەمەش بە مەبەستی رێگریکردن لە پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران.

پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، راسپاردە و ڕێنماییی فەرمیی ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیا بازرگانی و دارایییەکان کردووە، بە مەبەستی کەمکردنەوە و سنووردارکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان لەگەڵ 'بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی عێراق' (IDB) تاوەکو رێکەوتی 1ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ.

گەنجینەی ئەمریکا روونیکردەوە، لەم ماوەیەدا رێگە بە کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان دەدرێت سەرجەم گرێبەست و مامەڵە دارایییە هەنووکەیییەکانیان یەکلا بکەنەوە و دایبخەن، بەڵام بە مەرجێک ئەو کارە بە شێوازێک ئەنجام بدرێت کە هیچ جۆرە پێشێلکارییەک بۆ ئەو سزایانە دروست نەکات کە واشنتن بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی.

وەزارەتی گەنجینە دەڵێت: دەبێت لە رێکەوتی 1ـی کانوونی دووەمی داهاتووەوە، سەرجەم مامەڵە و پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بە تەواوەتی رابگیرێن. هاوکات جەخت کراوەتەوە کە ئەم بایکۆتکردنە سەرجەم ئەو کۆمپانیا و دامەزراوە دارایییانەش دەگرێتەوە کە لانیکەم %50ـی پشکەکانیان لە لایەن ئەو بانکە عێراقییەوە خاوەندارێتی دەکرێت.

ئەم ڕێوشوێنە نوێیانەی واشنتن دوای ئەوە دێن کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆمەڵێک دامەزراوەی دارایی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی تاران و بەشداربوون لە ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی نایاساییی پارە بۆ ئێران خستە لیستی سزاکانییەوە، کە یەکێک لەو دامەزراوانە بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی عێراق بوو.

لە بەرامبەردا، ئیدارەی بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی عێراق سەرلەبەری ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و پابەندبوونی خۆی بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دووپات کردەوە؛ هەروەها ئامادەییی تەواوی نیشان دا بۆ کارکردن و هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە مەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ ڕەواندنەوەی هەر هەڵەتێگەیشتنێک کە لە دۆسیەکەدا دروست بووە.