وەزارەتی تەندروستی: بەشەكانی چاودێری چڕ پڕبوون لە تووشبووانی كۆرۆنا
"لە دۆخێكی مەترسیدارین"
K24 – ھەولێر
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھۆشداری دا لە ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا و رایگەیاند، بەشەكانی چاودێری چڕ پڕبوون لە تووشبووانی كۆرۆنا.
د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەمیانی كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد: "بەشەكانی چاودێری چڕ پڕبوون لە تووشبووانی كۆرۆنا، رۆژانە ژمارەی تووشبووان زیاد دەبێت و ھاوكات ژمارەی ئەو كەسانەی تەندروستیان ناجێگیرە و ژمارەی مردوانیش تا دێ زیاتر دەبێت".
گوتیشی: "ئێستا لە دۆخێكی خراپ و مەترسیدار داین، پێشتریش پێشبینیمان كردبوو".
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ژمارەی تووشبووان لە 24 كاتژمێردا لە ھەرێمی كوردستان گەیشتووەتە سەروی ھەزار كەس و 16 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.