دايك و خوشكى رۆژنامه‌نووسه‌ بێسه‌روشوێنه‌كه‌: سۆران عومه‌ر نايێته‌ به‌رده‌م دادگا

خوشکێك و دایکی رۆژنامەنوسەکە ئاشکرای دەکەن لەلایەن تۆمەتبارەوە جگە لەوەی هەڕەشەی کوشتنیان لێ كراوە تەنانەت هەڕەشەی ئابڕووبردنی لە خوشکی رۆژنامەنووسەکە کردووە.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/1f41a5bc-84a2-48b6-8b8e-76fca182eea4/tomat%20bar%20soran%20omar.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

کەسوکاری ئەو رۆژنامەنووسەی هەشت ساڵە بێ سەروشوێنە، سۆران عومەر سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بە تۆمەتبار دەزانن داواشی لێ دەکەن بچێتە بەردەم دادگا ،خوشکێك و دایکی رۆژنامەنوسەکە ئاشکرای دەکەن لەلایەن تۆمەتبارەوە جگە لەوەی هەڕەشەی کوشتنیان لێ كراوە تەنانەت هەڕەشەی ئابڕووبردنی لە خوشکی رۆژنامەنووسەکە کردووە.

هەشت ساڵە ئەم دایکە فرمێسک بۆ گەڕانەوەی کوڕەکەی دەڕێژێت، لە ساڵی 2007 ـه‌وە محەممەد سیاسی، کە یەکێک بووە لە رۆژنامەنووسەکانی باشووری کوردستان، وه‌ك خێزانه‌كه‌ی ده‌یڵێن: كوڕه‌كه‌یان دوای ئەوەی میوانداری سۆران عومەر و کەسێکی دیکەی كردووه‌، هەر لەو رۆژەوە بێ سەروشوێنە.

دایکی محەممەد داوای ئاشکراکردنی چارەنوسی کوڕەکەی دەکات و سۆران عومەریش بە تۆمەتباری ناو دەبات.

گوڵان حەسەن خوشکی رۆژنامەنوسە بێ سەروشوێنەکە، هەشت ساڵە بە شوێن کەیسەکەوەیە و دەڵێت چەند جار داوامان لە سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ کردووە بێتە بەردەم دادگا بەڵام نايێت. ئەو دەڵێت سۆران عومەر جگە لە تۆمەت و هەڕەشەی کوشتن هەڕەشەی ئابڕووچونی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لێ کردووم.

کەسوکاری محەممەد سیاسی یەکەم جارە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن لەسەر کەیسەکە قسە بکەن ئەویش دوای ئەوەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر سۆران عومەری وەک تاوانبار لەسەر دیارنەمانی ئەو رۆژنامەنوسە ئاشکرا کرد دواتریش سۆران عومەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی بەڕێوەبەری پۆلیسی دایەوە.

بەپێ ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان 24 کەوتووە، بەشێک لە کەسوکاری رۆژنامەنوسەکە لە سنووری ئیدارەی راپەڕینن بەهۆی هەڕەشە لەسەر ژیانیان ناتوانن قسە لەسەر کەیسەکە بکەن، محەمەد سیاسی لە ساڵی 1972 لە دایک بووە و لە ساڵی 2007 وە بێ سەروشوێنە و خاوەنی دوو کچە و لە ژمارەیەک دەزگای راگەیاندن لە سلێمانی کاری کردوە و پێشتریش لە رانیە بەهۆی بابەتێکی رۆژنامەوانیەوە  تەقەی لێکراوە و بریندار بووە.