سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی توركیا لە عێراق دەكات
هەردوولا هاوڕابوون، كه پێویستە رێككەوتننامەی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال جێبەجێ بكرێت

K24 - ههولێر:
سەرۆك بارزانی، لە سەلاحەددین ئەمڕۆ یەکشەممە (18ی نیسان/ ئهپرێلی 2021) پێشوازی لە "فاتیح یەڵدز" باڵیۆزی توركیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە باڵیۆزی توركیا لە عێراق بە مەبەستی ماڵئاوایی و كۆتاییهاتنی ئەركەكانی لە عێراق سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، باڵیۆزی توركیا سڵاوی سەرۆككۆماری توركیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و هەورەها ئیدانەی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێری كرد.

هەر لەو دیدارەدا كە "هاكان كاراچای" كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كرایەوە و هەردوولاش لەسەر ئەوە هاوڕا بوون، كە لەپێناو مسۆگەربوونی سەقامگیریی و گەڕانەوەی ئاوارەكان پێویستە رێككەوتننامەی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال جێبەجێ بكرێت.