عێراق.. ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا سنووری یه‌ك ملیۆن حاڵه‌تی تێپه‌ڕاند
ئه‌مڕۆش 8 هه‌زار و 696 حاڵه‌تی نوێی تووشبوون تۆماركران و نزیكه‌ی 40 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستدا

K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی تووشبوون، مردن و چاكبوونه‌وه‌ی كۆرۆنای له‌سه‌رانسه‌ری وڵات به‌پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه راگه‌یاند و به‌گوێره‌ی ئاماره‌كه، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا پشكنینی پزیشكی بۆ 47 هه‌زار و 523 كه‌س ئه‌نجامدراوه و تووشبوونی 8 هه‌زار و 696 كه‌سی دیكه به په‌تاكه پشتڕاست كرایه‌وه. زۆرترین ژماره‌ی تووشبوونی ئه‌مڕۆش له ناوچه‌ی كه‌رخی شاری به‌غدا تۆماركرا، كه بریتییه له هه‌زار و 508 حاڵه‌ت.
وه‌ك له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، له‌ماوه‌ی شه‌و و رۆژێكدا 38 كه‌سیش به‌هۆی په‌تاكه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
هاوكات 6 هه‌زار و 382 حاڵه‌تی چاكبوونه‌وه‌ش له‌په‌تاكه راگه‌یه‌ندراوه.
تا ئێستا كۆی ئه‌وانه‌ی له‌سه‌رانسه‌ری عێراق تووشی په‌تاكه بوونه، ژماره‌یان گه‌یشته ملیۆنێك و هه‌زار و 854 حاڵه‌ت، له‌و ژماره‌یه‌ش 15 هه‌زار و 98 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، 877 هه‌زار و 309 كه‌سیش به رێژه‌ی 87.6% به‌ته‌واوی چاك بوونه‌ته‌وه و 109 هه‌زار و 447 كه‌سیش له نه‌خۆشخانه‌كان له‌ژێر چاودێری پزیشكیدان، له‌و ژماره‌یه‌ش 517 كه‌س به‌هۆی ناجێگیری دۆخی ته‌ندروستییان له‌ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان.
ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، تا ئێستا ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ 274 هه‌زار و 343 كه‌س له سه‌رانسه‌ری عێراق دانراوه.
H.B