د. دلۆڤان محەمەد: ئەم هەفتەیە دوو کاروانی دیکەی ڤاکسین دەگەنە هەرێمی کوردستان
K24 - ههولێر:
د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر رایگهیاند، لەم ھەفتەیەدا دوو کاروانی دیکەی ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە ھەرێمی کوردستان، ڤاکسینەکانیش لە جۆری "سینۆفارم"ی چینی و "فایزەر"ی ئەمریکی دەبێت، کە چاوەڕێ دەکرێت زیاتر لە (9) هەزار ژەمە ڤاکسینی سینۆفارم و زیاتر لە (2) هەزار ژەمە ڤاکسینی فایزەر بگاتە ھەولێر، ئاماژهی بهوهش كرد، (42) ھەزار کەس لە ھەولێر ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆمارکردووە، نزیکەی (20) ھەزار کەسیش ڤاکسینیان وەرگرتووە.
خواست بۆ كوتان به ڤاکسینی كۆرۆنا زیادیکردووە، بە پێچەوانەی ماوەی رابردوو، خەڵک بە شێوەی ئۆنلاین فۆڕم پڕدەکەنەوە و سەردانی بنکەکانی پێدانی ڤاکسین دەکەن، لە ھەولێر (11) بنکەی پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا کراوەتەوە، ئەمەش وایکردوە فشار لەسەر سەنتەری پێدانی ڤاکسین کەم ببێتەوە.
نەجات مامەند، ھاووڵاتییەكی شاری ههولێره، تووشی ڤایرۆسەکە نەبووە، بەڵام دوای دڵنیایبوونی لە جۆرەکانی ڤاکسین بە پێوستی زانیووە ناوی خۆی تۆماربکات و داواش له هاووڵاتیان دهكات خۆیان به ڤاكسینی كۆرۆنا بكوتن، بۆ ئهوهی نهبنه هۆكاری تهشهنهكردنی ڤایرۆسهكه.
لە ھەرێمی کوردستان (3) جۆر ڤاکسین بەکار دەھێنرێت، دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر روونیكردهوه، نزیکەی (2%)ی ھاووڵاتیان ڤاکسینیان وەرگرتووە و کاردەکرێت بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ (20%)ی ھاووڵاتیان ڤاکسین وەربگرن، کە ئامانجی وەزارەتی تەندروستییە، لە شاری ھەولێر (42) ھەزار ھاووڵاتی ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆمارکردووە و نزیکەی (20) ھەزار کەسیش ڤاکسینیان وەرگرتووە.
بڕیارە لەم ھەفتەیەدا دوو کاروانی دیکەی ڤاکسین بگاتە ھەرێمی کوردستان ئەو دوو کاروانەش لە جۆرەکانی فایزەر و سینۆفارمە، رۆژ بە رۆژ ھاووڵاتیان زیاتر ناوی خۆیان تۆماردەکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، گەڕانەوەی ناوی هاووڵاتیانیش بۆ وەرگرتنی ڤاکسین بە خاڵە و چەند شتێک رەچاو دەکرێت، وەک کارکردن لە کەرتی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان و تەمەن و بوونی نەخۆشی درێژخایەن، ئەوانە ناوەکانیان پێشدەخرێت.
د.ی