کازمی: ئەوانەی لە نەخۆشخانەکە گیانیان لەدەستدا شەهیدن
سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێک لەبارەی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەک بڵاودەکاتەوە
K24- هەولێر:
نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، راگەیەندراوێکی لەبارەی روودانی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە باشووری بەغدا بڵاوکردەوە کە بووەهۆی گیان لەدەستدانی لانی کەم 27 کەس و برینداربوونی دەیانی دیکە.
لە راگەیەندراوەکە هاتووە: ''لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت و لێپێچینەوەش لە بەرپرسانی نەخۆشخانەکە و ئەوانەی هۆکاری رووداوەکە بوون دەکرێت و هۆکارەکەش دەخرێتەڕوو''.
لەبارەی قوربانیان سەرۆک وەزیران رایگەیاندووە، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بە شەهید هەژمار دەکرێن و بریندارەکانیش گەر پێویست بکات، دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات.
بەهۆی تەقینی بوتڵی ئۆکسجین و ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ''ئیبن خەتیب'' لە بەغدا، تاوەکو ئێستا 27 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاد لە 30 کەسیش بریندارن.