پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە
گفتوگۆكردنی لەبارەی كێشه‌كانى منداڵان و هاووڵاتییانی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت و خانه‌واده‌كانیان دەکرێت

K24 – هەولێر
رۆژی سێشەممە 27/4/2021 پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت.
د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان لە بانگهێشتنامەیەکدا بۆ ئەندامانی پەرلەمان رایگەیاند "بە پشت به‌ستن به‌حوكمی بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌مادده‌ی (18)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، بڕیارماندا بانگهێشتی گشت ئه‌ندامه به‌ڕێزه‌كانی په‌رله‌مان بكه‌ین بۆ دانیشتنی ژماره (10)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له‌خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، له‌كاتژمێر (11)ی پێشنیوه‌رۆی رۆژی سێشه‌ممه رێكه‌وتی 2021/4/27".
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرنامەی کاری راگەیاند کە بریتییە لە "خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردنی كێشه‌كانى (منداڵان و هاووڵاتییانی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت و خانه‌واده‌كانیان، به‌ئاماده‌بوونی وه‌زیرى (كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی)ى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی حوكمى بڕگه‌ی(یه‌كه‌م)ى مادده‌ى (66) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان".
