ھندستان سوپا دەنێرێت بۆ ھاریكاری ئەو نەخۆشخانانەی چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا دەكەن

ئۆكسجین لە یەدەگەكانی ھێزە چەكدارەكان بۆ نەخۆشخانەكان دەنێردرێن و ژمارەیەك لە خانەنشینانی پزیشكی دەچنە ریزی ئه‌و تیمه‌ تەندرووستییانه‌ی چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا دەكەن

ھندستان سوپا دەنێرێت بۆ ھاریكاری ئەو نەخۆشخانانەی چارەسەری نەخۆشانی كۆرۆنا دەكەن
ھندستان سوپا دەنێرێت بۆ ھاریكاری ئەو نەخۆشخانانەی چارەسەری نەخۆشانی كۆرۆنا دەكەن

K24 – ھەولێر:

ھندستان فەرمانی بە سوپای وڵاتەكەی دا لە بەرەنگاربوونەوەی بەرزبوونەوەی رێژه‌ی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ھاریكار بن، ئەمە لە كاتێكدایە چەندین وڵات بەڵێنی پێشكەشكردنی ھاریكاری پزیشكیی بە پەلەیان به‌ هیندستان داوە، بۆ كۆنترۆڵكردنی حاڵەتی لەناكاو كە نەخۆشخانەكانی تووشبووانی كۆرۆنا نه‌خۆشخانه‌كانی ئه‌و وڵاته‌یان ته‌نیوه‌.

سەرۆك ئەركانی سوپای هیندستان، جەنەڕاڵ بیبین راوات لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ھیندستان نارێندرا مۆدی گوتی: ئۆكسجین لە یەدەگەكانی ھێزە چەكدارەكان بۆ نەخۆشخانەكان دەنێردرێت و ژمارەیەك لە خانەنشینانی چەكی پزیشكی دەچنە ریزی ئه‌و ده‌سته‌ ته‌ندرووستییانه‌ی چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا دەكەن.

لە راگەیاندراوێكدا حكومەتی ئه‌و وڵاته‌ گوتی: ژێرخانی پزیشكی سەربازی بۆ مەدەنییەكانی بەپێی توانا دەستەبەر دەبن دوای ئەوەی ژمارەی تووشبووان بۆ پێنجەم رۆژ لە سەریەك گەیشتە لوتكە.

مۆدی دووپاتیكرده‌وه‌، لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن سەبارەت بەو دۆخه‌ قه‌یراناوییه‌ قسەی كردووە و باسی كۆت و به‌نده‌كانی به‌رده‌م ھاوردەكردنی ماددەی خام و كەرستەی تایبەت بە ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنای كردووە.

مۆدی داوای لەگشت ھاووڵاتیان كرد، ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا وەربگرن و پابه‌ندی رێكاره‌كانی خۆپارێزی بن، لە كاتێكدا كە نەخۆشخانەكان و پزیشكان بێدەسەڵاتی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ لێشاوی تووشبووان راگەیاندووە.

لە ھەندێك لە شاره‌ ھەرە زیانپێكەوتووه‌كان، لەوانەش نیودلھی خەڵكەكە پەنایان بردووه‌ته‌ بەر سووتاندنی لاشەی مردووه‌كان لەو دەمەزراوە كاتیانەی خزمەتگوزاری لەناوبردنی تەرمەكان پێشكەش دەكەن.

كەناڵی "ئێن. دی. تی. ڤی"ی تەلەڤزیۆنی چەند گرتەیەكی سێ كەسیان لە كرێكارانی تەندرووستی لە ویلایەتی بەھاری رۆژھەڵات بڵاوكردەوە، كە تەرمێك بە زەویدا رادەكێشن بۆ سووتاندنی.