ئه‌مه‌ریكا له عێراق ناكشێته‌وه و هه‌رێمی كوردستانی به‌هێزی ده‌وێت
عادل باخه‌وان
K24 – هه‌ولێر:
د. عادل باخه‌وان، سه‌رۆكی به‌شی توێژینه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له دامه‌زراوه‌ی فه‌ره‌نسی ئێرێمۆ، له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24" رایگه‌یاند، سێ سیناریۆی ره‌ش له‌به‌رده‌م عێراقدان و به‌هێزترین سیناریۆ ته‌قینه‌وه‌ی دۆخی ناوخۆی عێراق و سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی نێوان میلیشیا شیعه‌كانه، كه دابه‌ش بوون به‌سه‌ر سێ قوتابخانه‌ی پڕۆ ئێرانی، ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی و مه‌رجه‌عیه‌تی سیستانی‌دا. گوتیشی: ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا هه‌رگیز ناڵێن "عێراقی به‌هێز" به‌ڵكو ده‌ڵێن "عێراقێكی یه‌كگرتوو" و "هه‌رێمی كوردستانی به‌هێز". روونیشیكرده‌وه، سێ مه‌ترسی گه‌وره له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانن، ئه‌وانیش مه‌ترسی دووبه‌ره‌كی ناوخۆیی، گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش و مه‌ترسی میلیشیا پڕۆئێرانییهكانه.
ده‌قی هه‌ڤپه‌یڤینی بێژه‌ری ژووری هه‌واڵی كوردستان24، له‌گه‌ڵ عادل باخه‌وان، سه‌رۆكی به‌شی توێژینه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له دامه‌زراوه‌ی فه‌ره‌نسی ئێرێمۆ.
سه‌ره‌تا:
هیچ وڵاتێك به‌غیلی به عێراق نابات، چونكه حكومه‌ت له ناو حكومه‌تدا هه‌یه. هه‌رچی ده‌سه‌ڵات هه‌یه لای میلیشیاكانی شیعه‌یه. ئاڵۆزی عێراق له‌ناو ئاڵۆزی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدایه. داهاتووی عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به كوێ ده‌گات؟ عادل باخه‌وان، سه‌رۆكی به‌شی توێژینه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له دامه‌زراوه‌ی فه‌ره‌نسی ئێرێمۆ له ژووری هه‌واڵی كوردستان24 میوانه بۆ تاوتوێكردنی ئه‌م باسانه.
پرسیار: ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ی عێراق چاره‌سه‌ر نه‌بێت، ئایندهی عێراق چۆن ده‌بێت؟
عادل باخه‌وان: له‌به‌رده‌م چه‌ند سیناریۆیهكدایه، یه‌كه‌میان ته‌قینه‌وه‌یه له ناوه‌وه. هه‌لومه‌رجی بابه‌تی له رووی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئه‌منی، سه‌ربازیی و جیۆپۆلیتیكییه‌وه درووست بووه، ته‌قینه‌وه له ناوه‌وه واته، كۆمه‌ڵگه‌ی ئینته‌رناسیۆناڵ، هه‌رێمی كوردستان، وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئێران و توركیا نین، بڕیار ده‌دات عێراق هه‌ڵبوه‌شێته‌وه. سیناریۆی دووه‌م: په‌ڕینه‌وه‌یه بۆ جه‌نگی ناوخۆ له لایه‌ن "برا شیعهكانمانهوه" ئه‌وان له هه‌موو روویه‌كه‌وه هه‌لومه‌رجیان له باره بۆ ئه‌وه‌ی به‌و قۆناغه تێپه‌ڕن و قۆناغی شه‌ڕی ناوخۆی شیعه یه‌كسانه به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی عێراق. سیناریۆی سێیه‌م: له 2003ه‌وه تا ئه‌مڕۆ ئێمه شتێكمان نییه به ناو سیستمی ئابووری له عێراقدا، كه نه‌وت داده‌به‌زێت ده‌وڵه‌ت له ئیفلاس نزیك ده‌بێته‌وه و كه نه‌وت به‌رز ده‌بێته‌وه، ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت مووچه‌ی مووچه‌خۆره‌كانی بدات.
ئه‌مه سیستمی ئابووری له‌سه‌ر درووست نابێت. كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی خۆی بۆ ئه‌م سیناریۆیه ئاماده ده‌كات، كه مۆته‌كه‌ی سیستمی ئینته‌رناسیۆناڵه و بریتییه له ئیفلاسی عێراق. جگه له‌وه‌ش سیناریۆیه‌كی دیكه هه‌یه، كه له‌گه‌ڵ گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵاتی بایدن هاتووه‌ته ئاراوه و عێراق شانسی ئه‌وه‌ی هه‌بێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئیداره‌ی هاوبه‌ش، واته ئه‌م ده‌وڵه هه‌ڵوه‌شاوه‌یه، خۆی خاوه‌نی ده‌زگا نییه وه‌ك وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری كار بكات، ئه‌وه‌ی وا ده‌كات ببێت، ئه‌و ئیداره هاوبه‌شه‌ی نێوان واشنتن و تارانه و لێره به‌دواوه‌ش سعوودییه‌ش هاتووه‌ته پێش.
پرسیار: ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان ده‌كشێته‌وه، سووریا به ته‌واوی له ژێر هه‌ژموونی رووسیا و ئێراندایه، له عێراقیش به هه‌مان شێوه داوای ده‌ركردنی ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێت، تاكه دۆست ئه‌مه‌ریكا هه‌یبێت، هه‌رێمی كوردستانه، سیناریۆكه به‌م جۆره‌یه ئه‌مه‌ریكا عێراق و سووریاش به‌جێ ده‌هێڵێت و ته‌نیا هه‌رێمی به‌ده‌سته‌وه ده‌مێنێت؟
عادل باخه‌وان: ئه‌مه‌ریكا عێراق به‌جێ ناهێڵێت، ناتوانێت عێراق به‌جێبهێڵێت. بڕیارێكی نییه بۆ ئه‌وه‌ی عێراق به‌جێ بهێڵێت. له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار، كه ره‌نگه لێره نه‌توانین باسی بكه‌ین. ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه، عێراق به جۆرێك سه‌قامگیر بكرێت و ئاسایشی عێراق به‌نج بكرێت به جۆرێك، دواتر هاوڕێیه‌تی سیسته‌می ئابووری عێراق بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له سیناریۆ ره‌شه‌كان كه باسم كردن، عێراق بپارێزن. ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌ڵێن، قوڕاوی عێراق، له‌و قوڕاوه‌دا، دۆستی ستراتیژی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپاییه‌كان بریتییه له هه‌رێمی كوردستان. ئه‌وان هه‌رێمی كوردستانێكی به‌هێزیان ده‌وێت له‌ناو قوڕاوهكهدا، به بێ ئه‌وه‌ی رێگه بده‌ن ئه‌و به‌هێزییه ببێته هۆی جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێم. ئه‌مه‌ریكا پڕۆژه‌ی به‌جێهێشتنی عێراقی نییه. ده‌یه‌وێت عێراق بگه‌ڕێته‌وه به‌و جۆره‌ی باسم كرد.
پرسیار: له هه‌ر سێ حاڵه‌تی ئه‌گه‌ره‌كاندا، ئه‌مه‌ریكا چۆن چۆنی عێراق به‌جێ ناهێڵێت، شیعه‌كان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بڕیاریان داوه ئه‌مه‌ریكا بچێته ده‌ره‌وه؟
عادل باخه‌وان: ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت هیچ كام له سیناریۆكان سه‌رنه‌گرێت. هه‌موو تواناكانی ده‌خاته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران و سعوودییه و توركیا و فه‌ره‌نسا، پڕۆژه‌ی هه‌بێت بۆ عێراق. له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نه‌كانی دیكه وابكات عێراق نه‌كه‌وێته ناو یه‌كێك له سێ سیناریۆكه، ئه‌گه‌ر عێراق بكه‌وێته ناو هه‌ر یه‌كێكیانه‌وه، ئه‌و كاته ئه‌مه‌ریكا ناچاره بێت له‌و چركه ساته‌ی پێی ده‌وترێت "ئێستا و ئێره" له زانسته سیاسییه‌كان، ناچاره سیاسه‌تی خۆی دابڕێژێته‌وه.
پرسیار: ئه‌گه‌ر گریمان بكشێته‌وه، تاكه شوێن نه‌یه‌وێت لێی بكشێته‌وه، هه‌رێمی كوردستان نییه؟
عادل باخه‌وان: ئێستا له ستراتیژییه‌تی ئه‌مه‌ریكا، بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت، هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی گشتیی به‌و ناوچه ئاسایش و سه‌قامگیره داده‌نێن ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ده‌توانن بێ چه‌كیش هاتوچۆی تێدا بكه‌ن. جۆرێك له سایكۆلۆژیای سیاسی لای ئه‌مه‌ریكاییه‌كان درووست بووه، كه هه‌رێم ده‌كرێت ئه‌و زۆنه ئارامه بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بڕیاری كشانه‌وه له عێراق بدات، ئه‌و كاته پرسی مانه‌وه‌شی له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌كه‌وێته ئه‌و چوارچێوه‌یه‌وه. بۆیه من باسم كرد، له ئێستادا مه‌گه‌ر یه‌كێك له سێ سیناریۆكان رووبده‌ن، ئه‌و كاته ئه‌مه‌ریكا ناچار ده‌بێت، سیاسه‌تی خۆی دابڕێژێته‌وه و ئه‌و كاته ده‌كرێت له باره‌ی هه‌رێمی كوردستان، یاخود له هه‌رێمی سوننه‌ش قسه بكه‌ین، كه ئێستا له درووستبووندایه.
پرسیار: ئایا سیناریۆی وا هه‌یه هه‌رێم بۆ ئه‌مه‌ریكا و له به‌غدا به‌خوار بۆ ئێران؟
عادل باخه‌وان: نه‌خێر، شتێكی وا له ئارادا نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه، خواستێكی هاوبه‌شی ئێران، ئه‌مه‌ریكا، عه‌ره‌بی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی عێراق نه‌كه‌وێته ناو ئه‌و سیناریۆ ره‌شانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هاوڕێیه‌تی عێراق بكرێت تا له‌و قه‌یرانانه رزگار بكرێت. ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا ده‌یانه‌وێت سه‌رله‌نوێ عێراق بنیاتبنێنه‌وه به‌ڵام به مۆدێل، كۆنفیدراسیۆنێكی دیكه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌و قه‌یرانانه رزگاری بكه‌ن. ئه‌مه یه‌ك. خاڵی دووه‌م: ئه‌مه‌ریكا عێراق به‌جێ ناهێڵێت بۆ ئێران. هیچ به‌شێكی عێراق به‌جێ ناهێڵێت بۆ ئێران. ئێرانیش هیچ به‌شێكی عێراق به‌جێ ناهێڵێت بۆ ئه‌مه‌ریكا. ئێران چۆن به‌سره‌ی ده‌وێت، ئاواش سلێمانی و هه‌ولێر و مووسڵی ده‌وێت. ئه‌مه‌ریكاش به هه‌مان شێوه، چۆن ئوم قه‌سری ده‌وێت، ئاواش ته‌وێڵه‌ی ده‌وێت.
پرسیار: عێراق بووه‌ته گۆڕه‌پانی ململانێی دوو هێزی ناوچه‌كه، كه ئێران و توركیان و هه‌ردوولا له ململانێدان و بوونیان هه‌یه، ئایا پێكدادانی سه‌فه‌وی و عوسمانی رووده‌داته‌وه؟
عادل باخه‌وان: ئه‌و پێكدادانه مێژووییه‌كی درێژی هه‌یه له ساڵی 1504ه‌وه ده‌ستیپێكردووه و تا ئه‌م چركه ساته ئێمه تێیداین، به‌داخه‌وه ئێستا ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ری، كاتێك شای ئێران دێته به‌غدا جینۆسایدی هه‌موو سوننه‌كانی كرد، پێنج ساڵ دواتر كه سوڵتانی عوسمانی دێته به‌غدا، هه‌موو شیعه‌كانی جینۆساید كردووه. ئه‌و چركه ساته‌ی به‌غدا به‌جێ ده‌هێڵێت، ئه‌سپه‌كانی به‌سه‌ر جه‌سته‌ی شیعه‌كاندا رێده‌كه‌ن. به‌ڵام ده‌بێت ئێمه تێبگه‌ین له جیۆپۆلیتیكی ئێستا. ئێستا نه ئێران، ئێرانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه و نه توركیا توركیای عوسمانییه‌كانه. ئه‌و هه‌لومه‌رجه بابه‌تییه‌ی ئێستا له عێراق درووست بووه، له ئێستادا كه قسه‌ی لێ ده‌كه‌ین، زیاتر به‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌بات، كه ئه‌كته‌ره‌كان نایانه‌وێت مه‌یدانی عێراقی بكه‌نه مه‌یدانی ته‌راتێنی ئه‌سپه‌كانیان.
به پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌لومه‌رجی گرژی عێراق كه‌مێك خاو بكه‌نه‌وه. له‌به‌ر خاتری عێراقییه‌كان نا، به‌ڵكو له‌به‌ر خاتری ئه‌وه‌ی هه‌رچی له عێراق رووده‌دات كاریگه‌ری ده‌كاته سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كانیان.
پرسیار: به راشكاوی پێم بڵێ ئایا هیچ جۆره مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه به هۆی بوونی په‌كه‌كه‌وه؟
عادل باخه‌وان: ئێستا هاوپه‌یمانییه‌كان جیابوونه‌ته‌وه. به زمانی سیاسی دوو سێ پۆل هه‌یه له عێراقدا. پۆلێك هه‌یه پێی ده‌وترێت میلیشیا شیعه‌كان، ئێران، په‌كه‌كه. پۆلێكی دیكه هه‌یه، كه توركیا، حكومه‌تی هه‌رێم و لقێكی حكومه‌تی به‌غدا، كه كازمی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات. ئه‌م دوو پۆله له رووی ئایدۆلۆژیی، میتۆد و به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه له‌یه‌كدی جیاوازن. ئه‌وه‌ی ئێستا رووده‌دات، ئێمه له‌به‌رده‌م چه‌ند گریمانهیهكین، ئایا ئه‌م دوو پۆله ده‌یانه‌وێت گرژییه‌كانیان تۆختر بكه‌نه‌وه، ئایا هه‌لومه‌رجی عێراق توانای به‌رگه گرتنی هه‌یه؟ بۆ نموونه توركیا به هاوكاری پارتنهرهكانی دیكه‌ی له ناو ئهوپۆله و به قوڵایی 70 كیلۆمه‌تر بێته ناو خاكی عێراق و تا شنگال بڕوات، ئایا ئه‌و پۆله‌ی سوڕگه‌ی ئێرانه، تا ئه‌و راده نابه‌رپرسیار ده‌بن، هه‌لومه‌رج ئاماده بكه‌ن.. پێم وایه هاوكێشه‌كه ئاڵۆز ده‌بێت.
پرسیار: كاریگه‌ری حه‌شد له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن چی ده‌بێت؟
عادل باخه‌وان: وێناكردنی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی گونجاوی گونجاوكاری گونجاوكراو هه‌ڵه‌یه. یه‌ك حهشدت نییه، لانیكه‌م سێ قوتابخانه هه‌یه. حه‌شدی شه‌عبی 63 تا 67 رێكخراوون. ئه‌و لیسته‌ی كه پێشكه‌شی حكومه‌تی عێراق كراوه، 63 رێكخراوه، ناوی 160 هه‌زار ئه‌ندام هێنراوه، خۆیان له بنه‌ڕه‌تدا 40 هه‌زار كه‌سن. ئه‌و 40 هه‌زار كه‌سه دابه‌ش بوونه به‌سه‌ر سێ قوتابخانه‌دا. قوتابخانه‌یه‌كی ئێرانی، قوتابخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به مه‌رجه‌عیه‌ت، قوتابخانه‌یه‌كی تایبه‌ته به ناسیۆنالیزمی عێراقی كه له سه‌درییه‌كان خۆیان ده‌بیننه‌وه.
ئه‌م سێ قوتابخانه چه‌ند دژن به‌رامبه‌ر به سوننه، ئه‌وه‌نده‌ش له ناو خۆیاندا دژن. له كۆتایی نیسانی 2003 ملیشیاكانی سه‌در، چوارده‌وری ماڵی سیستانیان دابوو، پێیان ده‌وت له 24 كاتژمێردا ئه‌گه‌ر عێراق به‌جێ نه‌هێڵی، خۆت به‌رپرسیارێتی ده‌گریته ئه‌ستۆ، ئه‌و كاته هێزی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا رزگاریان كرد. نه‌خێر یه‌ك تایپ له حه‌شد نییه و چه‌ندین تایپ له حه‌شد هه‌ن. ئه‌وه واده‌كات ماڵی شیعه له هه‌موو كاتێك زیاتر له به‌رده‌م ته‌قینه‌وه‌ی گه‌وره‌دا بێت.
پرسیار: واته ته‌قینه‌وه له ناو ماڵی شیعه له هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان زیاتره و ده‌شێت روو بدات؟
عادل باخه‌وان: به‌ڵێ له هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان زیاتره. له هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانیش كاره‌ساتبارتر ده‌بێت. بۆ؟ چونكه كاتێك له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، كاتێك پارتی و یه‌كێتی دوای هه‌ڵبژاردن له‌یه‌ك ده‌ده‌ن، به چه‌كی ساده له‌یه‌ك ده‌ده‌ن، ئێستا چه‌كدارت هه‌یه درۆن، تانك، هێلیكۆپته‌ر، پێشكه‌وتووترین چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هه‌یه و له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا عێراق ده‌كه‌نه گۆمی خوێن.
پرسیار: ئه‌مه‌ریكا هه‌رێمێكی به‌هێزی ده‌وێت، كه‌چی له‌م ماوه‌ی رابردووه‌دا هێرش كرایه سه‌ر هه‌ولێر به درۆن و مووشه‌ك، كێ پارێزگاری لێده‌كات؟
عادل باخه‌وان: ئه‌مه‌ریكا هه‌رگیز نه‌یوتووه عێراقێكی "به‌هێز"، وتویه‌تی عێراقێكی "یه‌كگرتوو". ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا هه‌میشه وتوویانه "هه‌رێمی كوردستانێكی به‌هێز" له ناو "عێراقێكی یه‌كگرتوودا" ئه‌و دوو وشه‌یه دوو چه‌مكی زۆر گرنگن له زمانی سیاسه‌تدا، عێراقێكی یه‌كگرتوو، حكومه‌تێكی هه‌رێمی كوردستانی به‌هێز. ئه‌مه قسه‌ی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكایه.
مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر هه‌رێم، فره ره‌هه‌ندن. یه‌كه‌م مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رێمی كوردستان بریتییه له تایپێك له میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، چونكه هه‌موو ملیشیاكان وه‌ك باسمان كرد، وه‌ك یه‌ك نیه.
میلیشیا پڕۆئێرانییهكان مه‌ترسین. هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش، یه‌كێكه له مه‌ترسییه گه‌وره‌كان، كه ده‌كرێت له ماوه‌یه‌كی زۆر كورتتدا ببنه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی هێنده‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، چونكه كاتێك داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه، به ته‌نیا چه‌ند مناڵێكی سه‌رلێشێواوی سوننه نین، به كڵاشینكۆف په‌لاماری هه‌رێم بده‌ن، به‌ڵكو چه‌ندین ده‌وڵه‌ت و هاوكێشه‌ی هه‌رێمایه‌تی هه‌یه واده‌كات داعش سه‌رله‌نوێ به‌هێز بێته‌وه، ئه‌مه هه‌رگیز وامان لێ ناكات، كه بنكه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری به‌هێزیشیان هه‌یه.
هه‌ڕه‌شه‌ی سێیه‌م كه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه، هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی ناوخۆی هه‌رێمه. ئایا ئه‌كته‌ره كوردییه‌كان له ئێستا و لێره تێگه‌یشتوون، له‌وه‌ی چه‌ند داعش و حه‌شدی شه‌عبی ده‌كرێت مه‌ترسی بن به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌وه و ئه‌وه‌نده‌ش خۆیان مه‌ترسین له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
پرسیار: زۆر سووپاس بۆ وهڵامهكانت.
عادل باخه‌وان: سوپاس بۆ ئێوه.