روبیۆ: سعوودییە مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سعوودیە مافی بەرگریکردن لە خۆی هەیە، ئەوەش لە وەڵامی ئەو هێرشانەی حووسییەکان کە رووبەڕووی بوونەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سوپای یەمەن لە چەند بەرەیەکدا ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن"یان دەستپێکردووە و پێشڕەوییان کردووە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەوانان روونیکردەوە، دۆخی ئێستای یەمەن وەڵامێکە بۆ دەستدرێژییەکانی حووسییەکان، چونکە هێزەکانی یەمەن هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە دەدەن کە پێشتر لەلایەن حووسییەکانەوە داگیرکرابوون. روبیۆ گوتی: "ئەو ناوچانە بەهۆی هێرشی حووسییەکانەوە داگیرکرابوون، ئەوەی ئێستا روودەدات وەڵامێکە بۆ ئەو هێرشانە. پێشبینیمان دەکرد ئەمە رووبدات و بە کردەیی روویدا".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە، حکوومەتی یەمەن و سعوودیە قبووڵی ناکەن حووسییەکان کۆنترۆڵی بابولمەندەب بکەن. دووپاتیشیکردەوە، واشنتن پابەندی رێککەوتن و ئەرکە ئەمنییەکانیەتی لەگەڵ سعوودیە و هەموویان جێبەجێ دەکات.
پێشتر رەشید عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی بە ناوی "فەجری یەمەن"ی راگەیاند، بە ئامانجی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی وڵاتدا.
هێزەکانی یەمەن کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی کەناری رۆژئاوا، لەنێویاندا بابولمەندەب و زوبابیان راگەیاند و بەرەو موخا پێشڕەوییان کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە چەند بەرەیەکدا بەردەوامن.
دوای پێشڕەوییەکان لە کەناری رۆژئاوا، هێزە چەکدارەکانی یەمەن هێرشێکی ستراتیژییان بۆ سەر سەنعای پایتەخت دەستپێکرد. سەرچاوەکان بڵاویانکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکان چەند هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر پێگەکانی ناو پایتەخت، هێزەکانی یەمەنیش رایانگەیاند، لە هێرشەکەدا توانای مۆدێرن بەکاردەهێنن.
هاوپەیمانیی پشتیوانیی شەرعی راگەیاند، لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن"ەوە 324 ئامانجی گرنگیان تێکشکاندووە و پاراستنی ئاسمانیی گەرووی بابولمەندەبیان دابین کردووە. ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد، 100 فڕۆکەی جەنگی بەشداری لەو ئۆپەراسیۆنە دەکەن کە بەرەبەیانی دووشەممە دەستی پێکردووە.