كوردستان24 ئاماری پێدانی ژەمە ڤاكسین بڵاودەكاتەوە

لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا زیاتر لە سەدا70ی ئەو ژەمە ڤاكسینانەی كە هاتووه‌ بەكارهێنراون و پرۆسەی پێدانی ژەمە ڤاكسینیش لەلایەن چاودێری نێودەوڵەتییە چاودێری دەكرێت.

سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ری كۆرۆنا
سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ری كۆرۆنا

K24 – هه‌ولێر:

لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا زیاتر لە سەدا70ی ئەو ژەمە ڤاكسینانەی كە هاتووه‌ بەكارهێنراون و پرۆسەی پێدانی ژەمە ڤاكسینیش لەلایەن چاودێری نێودەوڵەتییە چاودێری دەكرێت.

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كوردستان 24ی راگەیاند: تاوەكو ئێستا 98 هەزار و 810 ژمەڤاكسین لەلایەن بەرنامەی نیشتیمانی پێدانی ڤاكسینەوە بۆ هه‌رێمی كوردستان هاتووە. لەو بڕەش نزیكەی 70 هەزار ژەمە ڤاكسین كە دەكاتە زیاتر لە سەدا 70ی كۆی ڤاكسینی هاتوو بە هاووڵاتیان دراوە، گوتیشی ئێستا نزیكەی 30 هەزار ڤاكسین لە سەنتەرەكان هەیە.

وەزیری تەندروستی راشیگەیاند، لە داهاتوودا كارتی تایبەت بەو كەسانە دروست دەكەین كە ڤاكسینیان پێدراوە بەمەبەستی گەشتكردن بەڵام ئەمە لەو كاتە دەست پێ دەكات كە وەرگرتنی ڤاكسین ببێت بە مەرج بۆ گەشتكردن.

بەپێی قسەی د.سامان بەرزنجی پێشبینی دەكرێت هەفتەی داهاتوو دوو بڕی دیكەی ژەمە ڤاكسین بگاتە هەرێمی كوردستان.

لەبارەی دابینكردنی ڤاكسین راستەوخۆ لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزیری تەندروستی ئاشكرایكرد، وەك حكومەتی هەرێمی كورستان لە گفتوگۆی راستەوخۆداین لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای ئەسترازینیكا و سینۆفار بۆ ئەوەی ژەمە ڤاكسینی دیكە لەسەر ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت هەروەها گفتوگۆكانیش بەردەوامن لەو بارەوە.

سەبارەت بە لێكەوتەكانی ڤاكسین، سامان بەرزنجی بۆ كوردستان 24 گووتی: خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ لێكەوتەیەكی نامۆی مەترسیدار لە دوای پێدانی ژەمەڤاكسینەكان نەبووه‌، ئاماژەی بەوەشكرد، كە هیچ جیاوازییەك لە نێوان جۆرەكانی ڤاكسین نییە و هەموویان كاریگەری باشیان هەیە. هەروەها وەزیری تەندروستی داواشیكرد هیچ كەسێك هەوڵنەدات لە دەرەوەی سیستەمی نۆرەی ئەلیكترۆنی هەوڵی دەستخستنی ڤاكسین بدات ئەمەش لە پێناو یەكسانی لە پێدانی ژەمە ڤاكسین بە هاووڵاتیان.

سەبارەت بە سەنتەرەكانی پێدانی ڤاكسین و چاودێریكردنییەوە لە هەرێمی كوردستان وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەموو ژه‌مە ڤاكسینی هاتوو بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و چاودێری نێودەوڵەتی و نوێنەری كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانەوە چاودێری دەكرێت.

گوتیشی: بۆ جۆری فایزەر تەنها 8 سەنتەرمان هەیە ئەمەش بەهۆی قورسی رێككارەكان هەڵگرتن و پێدانی ئەو جۆرە كە دەبێت لە ژێر 70 تا 80 پلەی ژێر سەدی بێت ئەو جۆرە لە رێگای سیستەمی ئەلیكترۆنییەوە راستەوخۆ لەلایەن كۆمپانیای بەرهەمهێنەر چاودێری دەكرێت، سەبارەت بە جۆر سینۆفار و ئەسترازینیكا گوتی 121 سەنتەرمان هەیە لە هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی ژەمە ڤاكسین بە هاووڵاتیان و هیچ ژەمە ڤاكسینێكیش ون نەبووە و نەچۆتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان.

ئاماده‌كردنی: محه‌مه‌د هادی