پاڵاوگەی زیقار 45 رۆژە داخراوە و هۆشداری لە کارەساتی گەورە دەدرێت

داخرانی پاڵاوگەی زیقار ملیاران دینار زیانی لێدەکەوێتەوە

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پاڵاوگەی نەوتی زیقار ئاشکرای دەکات، کارگێڕی پاڵاوگەکە ترسی هەیە کارەساتی گەورە لە پارێزگای زیقار رووبدات، ئەگەر دەرچووانی زانکۆ بەردەوام بن لە خۆپیشاندان.

ئەو سەرچاوەیە بۆ ئاژانسە عێراقییەکان ئاشکرای کردووە، یەکەمجارە لە مێژوو پاڵاوگەی زیقار بە درێژایی ئەو ماوەیە دابخرێت، بە جۆرێک لە سەختترین دۆخەکانی سەردەمی جەنگ وەک نەوەدەکان و 2003 بەو شێوەیە درێژەی نەخایاندووە، ئێستا ماوەی 45 رۆژە ئەو پاڵاوگەیە داخراوە و هیچ بەرچاو روونییەک نییە کەی دەکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، درێژەکێشانی ئەو داخرانە دەرهاویشتەی نەرێنی لەسەر کارکردنی پاڵاوگەکە دەبێت، کە بۆماوەی 24 کاتژمێر کاری دەکرد، تاوەکو ئێستاش بە رێژەی 100% و کۆی زیانەکانی گەیشتووەتە 20 ملیار دینار.

ئەمە لە کاتێکدایە چەندین هەفتەیە پاڵاوگەی نەوتی زیقار لە لایەن خۆپیشاندەرانی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان داخراوەو داوای دامەزراندن دەکەن.

Fly Erbil Advertisment