سامان بەرزنجی: پهرستاران و کارمەندانی تەندروستی پێویستیان به مافی زیاتر و زهمینهی لهبارترە
وەزیری تەندروستی لە رۆژی جیهانی پەرستاران پەیامێکی بڵاوکردەوە
K24 - هەولێر
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانی پەرستاران لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە پەرستاران دەکات و رایدەگەیەنێت "پهرستاران و کارمەندانی تەندروستی پێویستیان به مافی زیاتر و سازكردنی زهمینهی لهبارتر ههیه بۆ پێشخستنی زیاتری تواناكان و خۆشگوزەرانیان".
دەقی پەیامی وەزیری تەندروستی:...
به بۆنهی ١٢ی ئایار (رۆژی جیهانی پهرستاران ) پیرۆزبایی و سوپاس و پێزانینی خۆمان و وەزارەتی تەندورستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم پەرستارانی جیهان بەگشتی و خوشک و برایانی پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی مرۆڤدۆست و ماندونەناس لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دەکەین.
هاوڵاتیانی خۆشەویست...
ڕۆژێکی جیهانی لە ساڵدا تەنها ڕۆژێک نیە بەرامبەر پیرۆزی ئەم پیشەیە و دڵسۆزی پەرستاران بەڵکو پەیامێکی گەورەی مرۆڤدۆستیە بۆ بەبیرهێنانەوەی هەموومانە لە ناو کۆمەڵگە و حکومەت و بەشداربووانی ناو سیستەمی تەندروستی، کە بۆ هەموومان پەرستار جێگرەوەی دایک وباوک و خوشک و براکانمانە لە ناو دامودەزگا تەندروستیەکاندا، هەم بۆ خۆپارێزیمان هەم بۆ نەخۆشەوانیمان و کەمکردنەوەی ئازارە دەروونی و جەستەییەکانمان. ھەربۆیە لەم ڕۆژەدا ڕۆڵی پهرستاران لە ڕۆژانی ئاسایی و پڕاکتیزەکردنی پیشەکەیان و تەنانەت له تهواوی پێشهات و قهیران و کارەساتەكانی ڕابردوو و ئێستاشدا دەبینین کە چۆن پێشهنگ و پێشمهرگه ئاسا بوون، بەتایبەتی لە ڕۆژانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان لە سەنگەری شەڕەف و بەرگری لەگەڵ برا پێشمەرگە قارەمانەکان و لە پێشوازی و خزمەتکردنی ئاوارە و پەناهەندەکان و بەردەوام بوون لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان و نەخۆشان لە دامودەزگا تەندروستیەکان، بەتایبەتی لە دوایەمین قەیرانی جیهانی بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی شانبەشانی خوشک و برایانی پزیشکان و دڵسۆزانی وڵات بوونە فریادڕەس و رزگارکەری سەدان هەزار هاووڵاتی لە هەموو قۆناغەکانی خۆپارێزی و گەڕان و دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن تا ڕادەی خۆبەختکردن و قوربانیدان بە خۆیان و خانەوادەیان کە هەردەم وەکو ئەستێرەی گەشاوە لە ئاسمانی مرۆڤایەتیدا دەگەشێنەوە و دەبنە ههوێنی پتەوی دڵسۆزان بۆ بەرەوپێشبردنی ڕەوشی تەندروستی و خزمهتگوزاری تهندروستی له كوردستانی خۆشەویست.
بەم بۆنەیەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو قوربانیانی ناوەندەکانی تەندروستی و تەندروستکاران دادەنوێنین کە بەهۆی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا گیانیان بەخشکرد. سڵاو ڕێزی بێ پایانمان بۆ کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزیان، هیوای سەلامەتی و چاکبوونەوە و تەمەن درێژی بۆ هەمووان.
پەرستارانی خۆشەویست ... لە کۆتایدا ...
حکومەتی هەرێمی کوردستان و وهزارهتی تهندروستی وێڕای ڕێز و سوپاسگوزاری و دهستخۆشی لە ئهرك و ماندووبونتان، پاڵپشتی و پشتیوانی تهواوی ماف و داخوازیهكانتان دهبێت و دووپاتی دەکەینەوە کەوا پهرستاران و کارمەندانی تەندروستی له پێشتر و ئێستاشدا پێویستیان به مافی زیاتر و سازكردنی زهمینهی لهبارتر ههیه بۆ پێشخستنی زیاتری تواناكان و خۆشگوزەرانیان، دەرەنجام بۆ پتەوکردنی جومگەکانی چاکسازی لە سیستەمی تەندروستی کە دەبێت سوود لە توانا و پسپۆڕیەتی خزمەتگوزاری پەرستاری وەربگیرێت و ببنە کۆڵەگەی سیستەمی تەندروستیەکی پێشکەوتوو لەمیانی هەوڵەکانمان بۆ داهاتووی تەندروستی لە هەرێمی کوردستاندا.
جارێکی تر سڵاو له خزمهت و ماندوبوونتان، دووباره پیرۆزه ڕۆژی جیهانی پهرستاران.
د. سامان حسین بەرزنجی
وەزیری تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٢ی ئایار 2021