بارسێلۆنا نازناوی جامی شای به‌ده‌ستهێنا
دووه‌مین نازناوی له‌م وه‌رزه به‌ده‌ستهێنا
كه‌مێك پێش ئێستا یانه‌ی بارسێلۆنا به بردنه‌وه‌ی به دوو گۆڵی بێ‌وڵام له یانه‌ی سێڤییا نازناوی جامی شای ئیسپانیا به‌ده‌ستهێنا و بووه خاوه‌نی دووه‌مین نازناوی ئه‌م وه‌رزه.
یانه‌ی بارسێلۆنا له‌م یارییه زه‌حمه‌تییه‌كی ئێجگار سه‌ختی بینی، به‌وپێیه‌ی له خوله‌كی 36ـی گێمی یه‌كه‌می یارییه‌كه خافێر ماسكیرانۆ به كارتی سوور كرایه ده‌ره‌وه، جیا له‌وه‌یش گۆڵكاری ئۆروگوایی یانه‌كه‌یش (لویس سوارێز) به‌هۆی پێكانه‌وه یاریگه‌ی جێهێشت و رافینها هاته شوێنێ.
له خوله‌كی 90ـی یارییه‌كه‌یش ئیڤر بانیگا، ناوه‌ڕاستكاری ئارجێنتینایی به‌هۆی توندكاری له دژی نێیمار به كارتی سوور كرایه ده‌ره‌وه، یارییه‌كه‌یش به درێژایی 90 خوله‌كی یارییه به یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات.
دواتر ناوبژیوان دوو گێمی چاره‌كی زیاد كرد، بارسا به‌گڕو تینێكی به‌هێزه‌وه هاته‌وه نێو یاریگه، له خوله‌كی 97 جۆردی ئالبا به ئه‌سیستێكی مێسی گۆڵی یه‌كه‌می بۆ بارسا تۆمار كرد.
دواتر له خوله‌كه‌كانی كۆتایی گێمی دووه‌می زیادكراوی یارییه‌كه، ئه‌مجاره‌یان نێیمار سوودی له ئه‌سیستێكی مێسی وه‌رگرت و گۆڵی دووه‌م و مسوگه‌ركردنی نازناوه‌كه‌ی تۆمار كرد، به‌مه‌یش به فه‌رمی بارسا بووه پاڵه‌وانی جامی شای ئیسپانیا.