نرخی کانزای مس لە هەڵکشانە
له ههرێمی كوردستان مسی کۆکراوە بە نرخێکی کەم هەناردە دەکرێت

K24 - ههولێر:
تادێت خواستی بەرهەمە کانزاییەکان، لەسەروویانەوە مس زیاد دەبێت و بە بەردەوامی نرخی بەرزدەبێتەوە، ھەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی بەتایبەتی کانزاکان، بەڵام وەک پێویست سوودی لێوەرنەگیراوە و ھەموو ئەو مسە بەکارهاتووەی لە ناوخۆدا ھەیە، ھەناردەی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.
بازاڕی مس لە ھەرێمی کوردستان و جیهانیش رووی لە ھەڵکشانە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە سوود لەو بەرھەمە ناوخۆییە وەربگیرێت.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی بازرگانی و دەستەی وەبەرھێناوە پلانی داناوە چەند کارگەیەکی گەورە بۆ بەرھەمھێنانی کانزا و لە ناویشیاندا مس دروست بکەن، بۆ ئەوەی ئەو بەرھەمەی لە ناوخۆ ھەیە وەبەرھێنانی تێدا بکرێت.
نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی ئاشکرای كرد، پلانیان داناوە بۆ ئەوەی چەند کارگەیەکی گەورەی بەرھەمھێنانی کانزا و پێداویستییەکانی لە ناوخۆی ھەرێم لە پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک بکەنەوە.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتی ھەناردەو ھاوردەکارانی ھەرێمی کوردستانیش ئاماژهی بهوه كرد، رووپێوێکی جیۆلۆجیان لە بەردەستە، كه دەیسەلمێنێت ھەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە کانزای جۆراوجۆر لە ناویشیاندا مس، ئاشکراشی كرد، کە لە 5 بۆ 6 ساڵی داھاتوو، نرخی مس لە بازاڕی کانزادا زۆر زیاتر بەرزدەبێتەوە.
ئێستا لە بازاڕدا یەک تۆن مسی کوردستان لە نێوان 60 بۆ 70 ھەزار دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و دەنێردرێت بۆ ھەر یەکە لە تورکیا و ئێران و مەغریب و جەزائیر و کرواتیا.
بەپێی ئەو ئامارەی لە بەردەست وەزارەتی بازرگانیدایە، لەماوەی 4 مانگی رابردوودا 50 مامەڵەی ھەناردەی کانزایان بۆ وڵاتانی تورکیا و ئێران ھەبووە.
د.ی