فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌: هیچ شه‌ڕێك به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی ناكه‌ین

"حەشدی شەعبی سەرچاوەی تێکدان و سووتاندنی ماڵە سوونەکانن"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/b42dd003-ea90-4973-b56a-72353ba8f7ca/hewice%20heshdi%20she3bi.ism/manifest

K24 - كه‌ركووك:

حەشدی شەعبی دەیەوێت بەشداری لە شەڕی گرتنەوەی قەزای حەویجەدا بكات, عەرەبە سووننەکانیش ناڕازین و دەڵێن: "ئەزموونی تاڵمان لە گەڵ ئەو گرووپەدا ھەیە و حەشدی شەعبی سەرچاوەی تێکدان و سووتاندنی ماڵە سوونەکانن".

فەرماندەیەکی پێشمەرگەش ھەرچەندە بەشداریکردنی پێشمەرگە لە شەڕی حەویجە دووپات دەکاتەوە, بەڵام رەتیدەکاتەوە بە ھاوبەشی لەگەڵ حەشدی شەعبی بەشداری ھیچ شەڕێك بکەن.

حەشدی شەعبی, ئەو گرووپەی بە بڕوای زۆربەی سیاسییەکان, بەڵای دوای داعشن و دەبێت کورد ئامادەکاری بکات بۆ ئەوەی بەھەر شێوازێک بێت, بەکەمترین زیان خۆی لێی دەرباز بکات.

ھەروەک چۆن بەشیر حیکایەتێك بوو سەرەنجام لەسەر دەستی پێشمەرگە کۆتایی پێھێنرا, ئێستا حەویجەش ھاوشێوەی بەشیر لە سەرەتای حیکایەتەدایە و زۆربەی چاوەکانی لەسەرە.

ھەربۆیە لە شەڕی چاوەڕوانکراوی حەویجەشدا، حەشدی شەعبی جارێکی دیکە ھاتە نێو ھاوکێشەکەوە و سەرەڕای مەترسی سووننەکان و نیگەرانییەکانی کورد, ئەوان سوورن لەسەر بەشداریکردنییان لەو شەڕەدا.

بە ھەموو پێوەرەکان بێت شەڕی حەویجە نزیك بووه‌تەوە, بەڵام پێدەچێت کورد ھێشتا  لەسەر شێوازی بەشدریکردنی لەو شەڕەدا خۆی یەکلایی نەکردبێتەوە, ئەگەرچی بەشداری پێشمەرگە بە پێویست دەزانن، بەڵام حەشدی شەعبی یەکێکە لەو ھۆکارانەی وایكردووه‌ کورد دوودڵ بێت و لە ئێستاوە مەرجی ھەبێت.

عەرەبە سووننەکانی ھەروەك خۆیان دەڵێن : "قوربانی یەکەمی شەڕەکان بوونە, لەلایەك داعش دەیانکوژن و لەلایەکی دیکە حەشدی شەعبی کۆمەڵکوژییان دەکەن", بەھۆی ئەو ئەزموونە تاڵەی رابردوویان لەگەڵ حەشدی شەعبیدا, بەھەموو شێوەیەك بەشداریکردنی گرووپە شیعییەکان رەتدەکەنەوە لە گرتنەوەی حەویجەدا.

ئێستا حەویجە وەك فەرماندەکانی پێشمەرگەش دەڵێن بە شادەماری داعش دادەنرێت, بە رزگارکردنیشی، دڵی داعش لەکار دەکەوێت و ئیدی کەرکووك لەگەڵ کۆتاییھاتنی ئەوان بەتەواوی  لەمەترسییەکان رزگاری دەبێت.