فه‌رمانده‌كانی حه‌شد: قاسم موسڵیح راده‌ستی سه‌رۆكایه‌تی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی كراوه
دوای كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمانده‌كانی حه‌شد له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی، هێزێكی ئه‌منی عێراق، قاسم موسڵیحی راده‌ستی فه‌رمانده‌یی حه‌شدی شه‌عبی كرد.
K24 – هه‌ولێر:
دوای كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمانده‌كانی حه‌شد له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی، هێزێكی ئه‌منی عێراق، قاسم موسڵیحی راده‌ستی فه‌رمانده‌یی حه‌شدی شه‌عبی كرد.
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌ی مسته‌فا كازمی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق، قاسم موسڵیح له لای هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌مێنێته‌وه تا لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیدا ته‌واو ده‌بێت.
قاسم موسڵیح، فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بووه له ئه‌نبار و ئه‌مڕۆ له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه له به‌غدا ده‌ستگیركرا.
ناوبراو تۆمه‌تباره به كوشتنی ئیهاب وه‌زنی، چالاكوانی مه‌ده‌نی له كه‌ربه‌لا و دایكی ئیهاب قاسم موسڵیح به تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی له مه‌رگی كوڕه‌كه‌ی ده‌زانێت.
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌ی مسته‌فا كازمی، قاسم موسڵیح تۆمه‌تباره به مادده‌ی چواری تیرۆر و له ئه‌گه‌ری ساغبوونه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كان له‌سه‌ری، سزای له‌سێداره‌دانه.
دوای ده‌ستگیركردنی، چه‌كدارانی حه‌شد روویان له به‌غدا كرد و ده‌روازه‌كانی ناوچه‌ی سه‌وزیان گه‌مارۆدا.
حه‌شد داوایكرد، هه‌رچی زووه ئه‌و فه‌رمانده‌یان ئازاد بكرێت.
له به‌رامبه‌ردا مسته‌فا كازمی جووڵه‌ی به سوپا كرد و تانك و زرێپۆشه‌كانی سوپای ره‌وانه‌ی ناوچه‌ی سه‌وز كرد.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌ك له فه‌رمانده باڵاكانی حه‌شدی شه‌عبی، له ناویاندا، هادی عامری و نه‌سار روبه‌یعی و چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی دیكه كۆبوونه‌وه و له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی گفتوگۆیان كرد.
دوای دانووستانی هه‌ردوولا لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه پێكهێنرا بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه له تۆمه‌ته‌كانی سه‌ر قاسم موسڵیح بكات.
لیژنه‌كه پێكهاتووه له فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كان، هه‌واڵگری ناوخۆ، هه‌واڵگری سه‌ربازی، ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی حه‌شدی شه‌عبی.
دواتر قاسم موسڵیح راده‌ستی ئه‌منی حه‌شدی شه‌عبی كرا بۆ ئه‌وه‌ی له لایان بمێنێته‌وه تا لێكۆڵینه‌وه ته‌واو ده‌بێت. به‌و پێیه‌ی حه‌شد له رووی یاساییه‌وه، هێزێكه له چوارچێوه‌ی سیسته‌می به‌رگری عێراقه و به یاسا رێكخراوه.
له به‌یاننامه‌كه‌یدا مسته‌فا كازمی، رایگه‌یاندبوو، "دیارده چه‌كدارییه‌كان كه له لایه‌ن گرووپه چه‌كدارییه‌كانه‌وه روویاندا، پێشێلكارییه‌كی مه‌ترسیداری ده‌ستووری عێراق و یاسا به‌ركاره‌كانن. فه‌رمانمان كردووه ده‌ستبه‌جێ و به گوێره‌ی یاسا لێكۆڵینه‌وه بۆ ئه‌و جمووجووڵانه بكرێت".
دوای گواستنه‌وه‌ی قاسم موسڵیح بۆ باره‌گای سه‌ره‌كی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، لایه‌نگرانی حه‌شد له شه‌قامه‌كانی به‌غدا ئاهه‌نگیان گێڕا.
هاوكات فه‌رمانده‌كانی حه‌شد رایانگه‌یاندووه، چیدیكه قاسم موسڵیح ده‌ستگیركراو نییه و ئه‌و ئێستا له‌ناو براكانی خۆیدایه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، به‌رپرسانی حه‌شد كابینه‌ی مسته‌فا كازمییان به‌وه تۆمه‌تبار كردووه، كه به كرێگیراوی ئه‌مه‌ریكایه و پێویسته ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه.
تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق و حكومه‌تی عێراق به ره‌سمی هه‌واڵی ئازادكردنی قاسم موسڵیحیان رانه‌گه‌یاندووه و ته‌نیا چه‌كدارانی حه‌شد و لایه‌نگران و كه‌ناڵه‌كانی سه‌ر به حه‌شد رایانگه‌یاندووه، قاسم موسڵیح ئازاد كراوه.