كۆڵۆنێڵ مایڵز كاگینز: هەمووکات لە پشتی کورد و دۆزی گەلی کوردستاندا چیایەک دەبم
سیاسەتی فەرمی لە واشنتن ئەوەیە لەم شەڕەدا هەموومان پێکەوەین و هاوکارییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش بەردەوام دەبن.
K24 – ههولێر:
کۆڵۆنێل مایڵز کاگینز وتەبێژی پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگهیاندووە، هەمووکات چیایەک دەبم لە پشتی کورد و دۆزی گەلی کوردستان.
کاگینز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پۆدکاستی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن کە دلۆڤان بەرواری پێشکەشی دەکات باس لە ژیانی منداڵی و خوێندن و ئەزموونی خۆی لە سوپای ئەمریکا و دواتریش وەک وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکات کە 1 ساڵ لەو پۆستەدا بووە.
مایڵز 25 ساڵ ئەزموونی هەیە لەناو سوپای ئەمریکا و باوکی کۆڵۆنێڵی خانەنشینە. دهڵێت: بۆ یەکەمجار ساڵی 2018 بە ئەرکێک چوومە بەغدا و سێ هەفتە مامەوە. دواتر و ساڵی 2019 ئەرکی وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشم پێ سپێردرا کە لە 83 وڵات پێکهاتووە.
گوتیشی: دەتوانم بڵێم کاری ئێمە وەک وتەبێژ شەڕی وشە و زانیاریە: وەک چۆن سەربازەکانمان لەسەر زەوی شەڕی داعشیان دەکرد دەبوو ئێمەش ئەو ئامانجەی ئەوان شەڕی بۆ دەکەن لەرێگەی نووسین و وشەوە بیگەیەنین بەخەڵکی. سەرەتا هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا و عێراقیش، تەنیا بە زمانی ئینگلیزی پەیامەکانیان بڵاودەکردەوە.
باسی لهوهشكردووه، کاتێک لەگەڵ خەڵکی ئاسایی لە بەغدا، هەولێر، سلێمانی و حەسەکە قسەم دەکرد هەستم کرد پەیامەکانی ئێمەیان پێنەگەیشتووە. ئەوکات بیرم لەوە کردەوە دەبێ بەزمانی کوردی پەیاممان هەبێت و ئاشنای کولتووری کوردستانیش ببین. پێزانینی ئازایەتی و قارەمانێتی پێشمەرگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات لەشەڕی دژی داعش ئەرک بوو، دەبوو لە پەیامەکانماندا خەڵکی ئاسایی هەستی پێبکەن.
له بهشێكی دیكهی چاوپێكهوتنهكهیدا، گوتهبێژی پێشووی هاوپهیمانی نێودهوڵهتی گوتوویەتی: رۆڵی وەرگێڕەکان لەم بابەتەدا زۆر گرنگ بوو هاوکارێکی زۆر باش بوون بۆ گەیاندنی پەیامەکانمان بە خەڵکی کوردستان، چ لە رێگەی تویتەر و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی دیکەوە چ لە رێگەی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە. لەو رێگەیەوە توانیمان وەڵامی زۆرێک لە پرسیار و نیگەرانی خەڵکی بدەینەوە.
سهبارهت به بڕیاری كشانهوهی سوپای ئهمهریكا له سووریا، گوتی: بڕیارەکەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کشانەوەی سەربازەکانمان لە سوریا دڵەڕاوکێی لای خەڵکی دروستکردبوو و گرنگ بوو ئێمە بۆ خەڵکی روون بکەینەوە پلانی ئێمە چییە و چی دەکەین. دوای بڕیارەکەش هێزەکانمان لە رۆژئاوای کوردستان چڕکردەوە بۆئەوەی دڵنیابینەوە جارێکی دیکە داعش سەرهەڵناداتەوە.
سەبارەت بە هەڕەشەی میلیشیاکان و هێرشە مووشەکییەکان بۆسەر بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان و هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر و هێزی پێشمەرگە، گوتی: ئاماژەکان و سیاسەتی فەرمی لە واشنتن ئەوەیە لەم شەڕەدا هەموومان پێکەوەین و هاوکارییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش بەردەوام دەبن.
سەبارەت بەوەی کەی و چۆن یەکەمجار ناوی کورد و پێشمەرگەی بیستووه، گوتی: ساڵی 2003 لە نزیک بەنداوی حەمرین پێشمەرگەم بینی و پێیان وتم: هێزی پێشمەرگە هاوپەیمان و هاوبەشێکی کاریگەر و متمانە پێکراوی ئەمریکایە. ساڵی 2019ە کاتێک چوومە کوردستان پێیان وتم بۆئەوەی کورد باشتر بناسیت پێویستە لە مێژووی کورد و خەباتی کورد و کولتووری کورد شارەزا بیت.
گوتیشی: سەردانی زۆرێک لە شارەکانی کوردستانم کردووە و خێزانە کوردەکان بانگهێشتیان کردووم و خواردنی کوردی زۆر خۆشە، بەتایبەتی کەباب. لە هەولێر و سلێمانی و رمێلان و ئێستاش لە ئەمریکا لەلای کوردەکانی لە ناشڤێل و تێکساس و واشنتن کەباب دەخۆم.
ههروهها گوتی: سەردانی ناو بازاری هەولێر و قەڵا و چایخانەی مەچکۆ و مام خالیدم کردووە و هەڵواسینی ئەو وێنانە لە چایخانەکان کە هەموویان پیاوی ناودار و خەباتگێر بوون سەرنجڕاکێش بوون بۆم. وێنەکان باسیان لە قارەمانێتی و ئازایەتی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان دەکرد.
ههروهها گوتی: دایک و باوکم زۆر نیگەرانی من بوون. بە دایکمم وت: کوردستان زۆر جیاوازە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، شوێنێکی زۆر سەلامەتە و خەڵکی ئەمریکایان خۆشدەوێت و گەلێکی میوان دۆستن. ئەم هاوینە دەچمە نیویۆرک و هیوادارم لەوێش کوردەکان بدۆزمەوە. خەونی منە جارێکی دیکە بە ئەرکێکەوە بچمەوە کوردستان خزمەتی کورد بکەم.
له بارهی داهاتووی خۆیهوه گوتی: رۆڵی داهاتووم لە ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەبێت لە مانهاتن. لەوێ باسی شەڕی زانیاری دەکەم لەگەڵ داعش و ئێران روسیا و میلیشیاکان. دەمەوێت ئەوە لە خەڵکی بگەیەنم کارکردن لەگەڵ پێشمەرگە و هەسەدە چەندە گرنگە. چەندە هاوکاری ئێمە بوون لە ئەرکەکەماندا. چەندە هاوکاری ئێمەیان کردووە لەشەڕی دژی داعش. چەندە گرنگە لە کولتووری خەڵکی تێبگەیت. بە تێگەیشتن و تێکەڵبوون لەگەڵ خەڵک و کولتوری کوردستان ئەمریکا سەرکەوتووتر دەبێت.
ئاماژهی بهوهشدا پلانی بۆ داهاتوو ههیه و گوتی: پلانم هەیە جارێکی دیکە بگەڕێمەوە بۆ کوردستان و سەردانی کۆڕەک، دووکان، کۆیە، بارزان و هەڵەبجە بکەم. هاوڕێکانم بەردەوام پێمدەڵێن وەرەوە سەردانمان بکە. خەڵکێکی زۆر لە باکووری کوردستان بانگهێشتیان کردووم هەرلە: ئامەد و ماردین و شارەکانی دیکەش. دەمەوێت سەردانی هەموویان بکەم، بەڵام دەمەوێت پێش ئەوەی بێمەوە بۆ کوردستان دەمەوێت کۆرسێکی زمانی کوردی وەربگرم.

گوتیشی: لە گەرمەی شەری داعش لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردە و فەرماندە سەربازییەکانی پێشمەرگە ئاشنا بووم، ئێستاش رۆژانە لەگەڵیان لە پەیوەندیدام. بە سروشتی خۆم گوێگرێکی باشم، ئەگەر گوێگرێکی باش نەبوومایە وەڵامدەرێکی باشیش نەدەبووم. ئەگەر بمەوێت بە چەند وشەیەک پێناسەی کوردستان بکەم دەڵێم: کوردستان زۆر سەرنجڕاکێشە، مێژووی دەوڵەمەندی سەرنجڕاکێشە، خواردن و کولتووریان سەرنجڕاکێشە.
له بارهی ئهمهریكاشهوه گوتی: ئەمهریکا بۆ من دەرفەتە، سەرزەمینی دەرفەتەکانە. وەک ئەمریکیەکی رەش پێست باپیرە گەورەم قەد بەخەیاڵیدا نەهاتووە نە خۆی نە کوڕەکەی و نە منیش بگەمە ئەم ئاستە. ئەمریکا بۆ هەموو پەنابەران وڵاتی دەرفەتە زۆرێک لە وەرگێڕە کوردەکانی ئێرە دەناسم هەموویان چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشیان هەیە کە چۆن لە ئەنفال رزگاریان بووە و هاتوونەتە ئەمریکا. ئێستا کەسی لیێهاتوو و سەرکەوتوون. نیشتمانپەروەرن و هەمووکات ئاڵای کوردستان لە ماڵەکانیانداهەیە و شانازی پێوەدەکەن.
دوا قسەشم بۆ خەڵکی کوردستان ئەوەیە: هەمووکات چیایەک دەبم بۆ کورد و دۆزی کورد.
