واڵتز: ترەمپ بە ئۆکرانیای راگەیاندووە هێرشەکانی سەر کەرتی وزەی رووسیا رابگرێت

مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان
مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان

باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا زۆر بە روونی داوای لە دەسەڵاتدارانی کیێڤ کردووە دەستبەجێ هێرشەکانیان بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی رووسیا رابگرن، ئەوەش لە دوای ئەو لێکتێگەیشتنە نوێیەی کە لە نێوان واشنتن و مۆسکۆدا سەبارەت بە هاوردەکردنی سووتەمەنی هاتووەتە ئاراوە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە لێکەوتەکانی رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تایبەت بە هاوردەکردنی سووتەمەنی گوتی: "ترەمپ زۆر بە روونی و بە شێوازێکی یەکلاکەرەوە داوای لە کیێڤ کردووە کە دەستبەجێ ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە بۆ سەر کەرتی نەوتی رووسیا رابگرێت".

لە لایەکی دیکەوە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، بە پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆسی گوت: بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی یەکلایەنەی سزاکان لەسەر رووسیا و رێگەدان بە هەناردەکردنی سووتەمەنیی گازوایل، هەنگاوێکی دادپەروەرانە نییە.

دەشڵێت: بڕیارەکەی ترەمپ وەک ئەوە دەردەکەوێت دیارییەکی پیرۆزبایی رۆژی لەدایکبوون بێت بۆ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا.

دۆناڵد ترەمپ دوێنێ هەینی رایگەیاندبوو: کە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیی زۆر سەرکەوتووی لەگەڵ پووتین ئەنجام داوە، کە تێیدا هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی رووسیا بڕێکی زۆر لەگازوایل بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا و جیهان دابین بکات.

لە بەرامبەردا، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئاشکرای کردبوو، کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، جیا لە پرسی رێککەوتنی دابینکردنی گازوایل، تیشکی خستووەتە سەر ئاسۆکانی چارەکردنی قەیرانی ئۆکرانیا و تاوتوێکردنی دۆخی پەیوەست بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش.