راگەیەندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە
وەزارەتی پێشمەرگە، گیان لەدەستدانی دوو پێشمەرگە و برینداربوونی پێشمەرگەیەکی دیکەی بە رووداوی هاتووچۆ راگەیاند
K24 - هەولێر
وەزارەتی پێشمەرگە، گیان لەدەستدانی دوو پێشمەرگە و برینداربوونی پێشمەرگەیەکی دیکەی بە رووداوی هاتووچۆ راگەیاند.
لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "لەکاتی چوونیان بۆ وەرگرتنی مووچەکەیان، چەند پێشمەرگەیەکی فەوجی 1ی لیوای 4ی پیادەی وەزارەتمان تووشی رووداوی نەخوازراوی هاتووچۆ بوون، لە ئەنجامدا دوو پێشمەرگەی قارەمان بەناوەکانی (ر. ع/ محەمەد میرازیز محەمەد ـ عەریف/ شاکر فازڵ حەسەن)، گیانیان لەدەستدا و پێشمەرگەیەکیش بە ناوی ( ن.ع/ هکار جەعفەر عوسمان) بریندار بوو".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەم کارەساتە لە ناخەوە دڵگران و خەمباری کردین، پرسە و سەرەخۆشی لەخۆمان و خانەوادەکەیان و دۆستان و هاوسەنگەرانیان دەکەین لە پەروەردگاری میهرەبان، داواکارین کۆچکردووان جێگەیان بەهەشت بێ و سەبووری هەموو لایەک بداتەوەو شیفای خێراش بۆ برینداری ئەم رووداوە دەخوازین".