ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق روونكردنه‌وه له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی نه‌خۆشی "كه‌ڕووی ره‌ش" ده‌ده‌ن
K24- هه‌ولێر:
له راگه‌یه‌ندراوێكدا، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ره‌تی كرده‌وه، هیچ حاڵه‌تێكی نه‌خۆشی "كه‌ڕووی ره‌ش" له عیراق تۆمار كرابێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و راپۆرته هه‌واڵانه‌ی هۆشداریان له ئه‌گه‌ری گواستنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه له‌ڕێگه‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌یان ده‌دا، كه له وڵاتی هیندستان ده‌گه‌ڕێنه‌وه، به‌وه‌ی كه ئه‌و نه‌خۆشییه به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له هیندستان ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه و گومانی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێت، په‌یوه‌ندی به په‌تای كۆرۆناوه هه‌بێت و بگوازرێته‌وه بۆ عێراق.
ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمی عێراقی "واع" له‌سه‌ر زاری عه‌بدولئه‌میر ئه‌لحلفی، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی گشتیی ته‌ندروستی گواستییه‌وه، "كه‌ڕووی ره‌ش نه‌خۆشییه‌كی زۆر ده‌گمه‌نه و تووشی ئه‌و كه‌سانه ده‌بێت كه سیسته‌می به‌رگری له‌شیان لاوازه و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به په‌تای كۆرۆناوه نییه"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هۆكاری ئه‌و نه‌خۆشییه بۆ ژه‌هراویبوون و پیسبوونی ناوچه دێشینه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه".
به‌گوته‌ی ئه‌لخلفی، "بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه له هیندستان به‌هۆی نه‌بوونی پاك و خاوێنییه" و روونیشیكرده‌وه، "تا ئێستا له عێراق هیچ حاڵه‌تێكی ئه‌و نه‌خۆشییه له‌ڕێگه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌وه تۆمار نه‌كراوه، كه له هیندستان گه‌ڕاونه‌ته‌وه".
جێگای ئاماژه‌یه، فه‌رماگه‌كانی ته‌ندروستی له عێراق ترسی ئه‌وه‌یان هه‌بوو، ئه‌و نه‌خۆشییه كه په‌تایه‌كی به‌كتری كوشنده‌یه، له‌ڕێگه‌ی ئه‌و سه‌دان كه‌سه بگوازرێته‌وه بۆ ناوخۆی وڵات، كه پێشتر بۆ چاره‌سه‌ری و خوێندن له وڵاتی هیندستان بوون و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ عێراق، به‌تایبه‌ت دوای زیادبوونی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌و نه‌خۆشییه له هیندستان.
هه‌فته‌ی رابردووش، لیژنه‌ی راوێژكاری پێكهێنرا، بۆ دیراسه‌كردنی نه‌خۆشی "كه‌ڕووی ره‌ش" و هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، به‌مه‌به‌ستی گرتنه‌به‌ری رێكاری پێویست بۆ رێگریكردن له هاتنی هیچ حاڵه‌تێكی ئه‌و نه‌خۆشییه بۆ ناو عێراق.
پزیشكان گومانی ئه‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌و نه‌خۆشییه په‌یوه‌ندی به ده‌رمانه ستیرۆیداته‌كانه‌وه هه‌بێت، كه بۆ چاره‌سه‌ری تووشبووانی كۆرۆنا به‌كارده‌هێنرێن.
جێگای ئاماژه‌یه، ئه‌و نه‌خۆشییه له وڵاتی هیندستان به‌شێوه‌یه‌ك ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه، كه له نه‌خۆشخانه‌كانی نیودلهی پایته‌خت و هه‌رێمه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته باڵی تایبه‌ت بۆ تووشبووانی "كه‌ڕووی ره‌ش" كراونه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌و وڵاته به‌ده‌ست ته‌شه‌نه‌سه‌ندنێكی دژواری په‌تای كۆرۆناشه‌وه ده‌ناڵێنێت، به‌شێوه‌یه‌ك، كه ته‌نها له مانگی رابردوو زیاتر له 100 هه‌زار كه‌س به‌هۆی كۆرۆنا له‌و وڵاته گیانیان له‌ده‌ستدا.
زیاتر له 50%ی تووشبووانی نه‌خۆشی "كه‌ڕووی ره‌ش" له ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، له هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا پزیشكانی نه‌شته‌رگه‌ر به‌ناچاری چاو و شه‌ویلگه‌ی كه‌سی تووشبوو لاده‌به‌ن "ده‌بڕن"، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له گه‌یشتنی ئه‌و نه‌خۆشییه به مێشك بگرن.
بۆ زانینی زیاتر له‌باره‌ی نه‌خۆشی "كه‌ڕووی ره‌ش" و چۆنیه‌تی ته‌شه‌نه‌سه‌ندن و مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه، كرته له‌سه‌ر ئه‌م لینكه بكه: https://www.kurdistan24.net/ckb/story/205626
H.B