هاوپه‌یمانی عه‌زم ئیدانه‌ی په‌لاماردانی پێشمه‌رگه و داوای ده‌ركردنی په‌كه‌كه له ناوچه سنوورییه‌كان ده‌كات
له كاتێكدا ئێمه ئیدانه‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژییه ده‌كه‌ین، بڕوامان وایه پێشمه‌رگه به‌شێكه له سیسته‌می به‌رگری و ئه‌منی عێراق و هه‌ڵوێستی به‌رچاوی هه‌بووه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ
K24 – هه‌ولێر:
هاوپه‌یمانی عه‌زم، كه خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، له به‌یاننامه‌یه‌كدا، ئیدانه‌ی په‌لاماردانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی له لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه كرد و داوای كرد، چه‌كدارانی په‌كه‌كه ده‌ربكرێن و لێپرسینه‌وه له‌وانه‌ش بكرێت پشتیوانی ماددی و سیاسی بۆ په‌كه‌كه دابین ده‌كه‌ن.
به‌ره‌به‌یانی دوێنێ، چه‌كدارانی په‌كه‌كه په‌لاماری كاروانێكی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان له چیای مه‌تینا دا و له ئاكامدا پێنج پێشمه‌رگه شه‌هید و حه‌وت پێشمه‌رگه‌ی دیكه بریندار بوون.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له باره‌ی ئه‌و په‌لاماره‌وه رایگه‌یاند، په‌كه‌كه به چه‌كی سووك و قورس په‌لاماری پێشمه‌رگه‌یان داوه.
له به‌یاننامه‌كه‌ی هاوپه‌یمانی عه‌زمدا، كه نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌و هاوپه‌یمانییه بڵاویكردووه‌ته‌وه هاتووه: به توندی ئه‌و ده‌ستدرێژییه تیرۆیستیی و سته‌مكارانه‌یه ئیدانه ده‌كه‌ین كه كراوه‌ته سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه له كاتێكدا ئه‌وان ئه‌ركی نیشتمانی خۆیان له سنووری پارێزگای دهۆك به‌جێده‌هێنا.
هه‌روه‌ها هاتووه: له كاتێكدا ئێمه ئیدانه‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژییه ده‌كه‌ین، بڕوامان وایه پێشمه‌رگه به‌شێكه له سیسته‌می به‌رگری و ئه‌منی عێراق و هه‌ڵوێستی به‌رچاوی هه‌بووه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك بكرێته سه‌ر پێشمه‌رگه هاوتایه له‌گه‌ڵ ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر عێراق و گه‌له‌كه‌ی.
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا، هاوپه‌یمانییه‌كه داوایكردووه، چه‌كدارانی په‌كه‌كه له خاكی عێراق بكرێنه ده‌ره‌وه و لێپرسینه‌وه له هه‌ر لایه‌نێكی عێراقیی بكرێت، كه پشتیوانی دارایی، سه‌ربازی و سیاسی‌یان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. به‌و پێیه‌ی هه‌ر جۆره پشتیوانییه‌ك له‌و چه‌كدارانه زیان به ره‌وشی ئه‌منی وڵات ده‌گه‌یه‌نێت و پاساو ده‌داته ده‌ست لایه‌نی ده‌ره‌كی بۆ ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی عێراق.
هه‌روه‌ها داوایكردووه، رێگری له‌وه بكرێت خاكی عێراق بۆ په‌لاماردانی وڵاتانی دراوسێ به‌كار بهێنرێت.