خەتاب شێخانی: 317 فۆڕمی زانکۆلاین بەهۆی هەڵەی هەڵبژاردنەوە رەت کراونەتەوە
"نمرە تەنیا بۆ کێبڕکێیە و پێوەر نییە بۆ سەرکەوتن یان شکستی مرۆڤ"
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: قوتابییانی وەرگیراو دەتوانن لە سبەینێوە پەیوەندی بە زانکۆ یان پەیمانگەکانیان بکەن و دەست بە مامەڵەی وەرگرتنیان بکەن، هەروەها ماوەی یەک هەفتەیان لەبەر دەستە تا کارەکانیان بکەن.
یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، خەتاب ئەحمەد شێخانی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ـی کەناڵی کوردستان24، گوتی: دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجامەکانی زانکۆلاین راگەیەنەرا، قوتابییانی وەرگیراو دەتوانن لە سبەینێوە سەردانی ئەو زانکۆ و پەیمانگانە بکەن کە ناویان لێی هاتووەتەوە و ماوەی یەک هەفتەیان لەبەردەستدایە بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان.
میکانیزمی بەشگۆڕین بە شێوازی ئۆنلاین
سەبارەت بە گۆڕینی بەش، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون روونی کردەوە، قوتابی دەرفەتی هەیە داواکاری بۆ گۆڕینی بەشەکەی پێشکەش بکات ئەگەر نمرەکەی رێگەی پێبدات، بەڵام جێبەجێکردنی بەندە بە هەبوونی کورسیی بەتاڵ.
شێخانی گوتی: "پڕۆسەی بەشگۆڕین بە تەواوەتی ئەلیکترۆنییە؛ سەرەتا دەبێت قوتابی لەو بەشەی یەکەمجار ناوی هاتووەتەوە خۆی تۆمار بکات، دواتر لە رێگەی سیستەمی زانکۆکەیەوە داواکاریی گۆڕین پێشکەش دەکات و سیستەمەکە پەیوەندی بە زانکۆی دووەمەوە دەکات؛ لەبەر ئەوە پێویست ناکات قوتابی بچێتە زانکۆی دووەم. ئەم پڕۆسەیە ئەگەر لۆدی زۆر لەسەر نەبێت لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بە رەزامەندیی هەردوو زانکۆ و پەسەندکردنی وەزارەت یەکلا دەبێتەوە."
شەفافیەت و دۆسیەی رەتکردنەوەی 317 فۆڕمی زانکۆلاین
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە جەختی کردەوە، کە رێژەی هەڵە لە سیستەمی زانکۆلایندا "سفرە" و پڕۆسەکە بەوپەڕی شەفافی ئەنجام دراوە. گوتیشی: بە هیچ جۆرێک واستە و قبووڵ خاس بۆ هیچ کەسێک ناکرێت بۆ وەرگرتن لە بەشێک کە مافی خۆی نەبێت، دەرگاشمان کراوەیە بۆ هەر لایەنێکی پەیوەندیدار کە بیەوێت بێت و وردبینی بکات.
لە بارەی ئەو فۆڕمانەی رەتکراونەتەوە گوتی: بۆ ئەمساڵ 317 فۆڕمی زانکۆلاین رەتکراونەتەوە، چونکە نمرەی ئەو قوتابییانە لە هیچ کام لەو بەشانە وەرنەگیراوە کە هەڵیانبژاردووە؛ ئەو قوتابییانە دەتوانن بچنەوە نێو ئەکاونتەکانیان و تەنیا یەک بەش هەڵبژێرن کە دڵنیان بەپێی نمرەکەیان لێی وەردەگیرێن.
وەرگرتنی نمرەی 50 و تێڕوانین بۆ بازاڕی کار
خەتاب شێخانی دڵنیایی دایە دەرچووان کە دەرفەتی خوێندن بۆ نمرەکانی 50ـیش فەراهەم کراوە و گوتی: مەرج نییە ئەوەی نمرەیەی هێنابێت کەسێکی شکستخواردوو بێت و ئەوەی 100ـی هێناوە تەنیا ئەو سەرکەوتوو بێت؛ نمرە تەنیا کەرەستەیەکی کێبڕکێیە و پێوەر نییە بۆ شکست و سەرکەوتنی کەسەکان.
دەشڵێت: مادام سیستەمی ئێمە 50 بە دەرچوو هەژمار دەکات، کەواتە دەبێت لە خوێندنی باڵا و لە بازاڕی کاریشدا جێگەی ببێتەوە و رۆڵی خۆی ببینێت، چونکە هەموو بەشێک گرنگی و پێگەی خۆی هەیە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە.
زانکۆکان و دەسەڵاتی ئەکادیمیی وەزارەت
بەڕێوەبەرە گشتییەکە لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا رایگەیاند: کە چەندین بەشی نوێ بەپێی خواستی سەردەم کراونەتەوە و، ئەو بەشانەش کە چەند ساڵە خواست لەسەریان نەماوە دانەخراون بەڵکوو کارەکانیان راگیراون.
ئاماژەشی بەوە کرد، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 18 زانکۆی حکوومی، نزیکەی 30 زانکۆی تایبەت و نزیکەی 30 پەیمانگەی تایبەت هەن.
هاوکات جەختیشی کردەوە، کە بە پێی یاسا، وەزارەتی خوێندنی باڵا باڵاترین دەسەڵاتی ئەکادیمییە و چاودێری و دەسەڵاتی تەواوی بەسەر سەرجەم زانکۆ حکوومی و تایبەتەکاندا هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی "زانکۆلاین" تایبەت بە وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12ـەی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) راگەیاند.
د. ئارام محەممەد قادر رایگەیاند، کۆی گشتیی دەرچووانی ئەمساڵ 40 هەزار و 716 قوتابی بووە، لەو ژمارەیە 30 هەزار و 847 دەرچووی زانستی و حەفت هەزار و 923 دەرچووی وێژەیین، لەگەڵ 706 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و 1240 دەرچووی پیشەیی.
ئەوەی لە گوتەکانی وەزیری خوێندنی باڵادا جێگەی سەرنج بوو، بەرزیی رێژەی وەرگرتنە، بە جۆرێک 99%ـی ئەو دەرچووانەی ئەمساڵ فۆڕمیان پڕکردووەتەوە وەرگیراون، تەنیا 317 قوتابی وەرنەگیراون، ئەمەش دەکاتە رێژەی 1%. هاوکات بەهۆی زۆریی پلانی وەرگرتن بەراورد بە پێشکەشکاران، 27 هەزار و 391 کورسیی خوێندن بە بەتاڵی ماونەتەوە.