تورکیا، پاکستان و سعوودیە بۆ کاراکردنی بەندی بەرگریی هاوبەش لە ریاز کۆدەبنەوە

لیژنەی هاوبەشی بەرگریی نێوان تورکیا، پاکستان و عەرەبستانی سعوودیە لە چوارچێوەی رێککەوتنی مەککە، سبەی لە ریازی پایتەختی سعوودیە کۆدەبێتەوە بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی هەرسێ وڵات؛ کۆبوونەوەکە سەرنج دەخاتە سەر کاراکردنی بەندی بەرگریی هاوبەش لە کاتێکدا سعوودیە لەژێر هێرشی مووشەکی و درۆنیی حووسییەکاندایە.

یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، سبەی لیژنەی هاوبەشی بەرگری کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی مەککەی نێوان ئەنقەرە، ئیسلامئاباد و ریاز پێکهێنراوە، کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و دیپلۆماسی لە ریاز ئەنجام دەدات. لە کۆبوونەوەکەدا، هاوشانی فەرماندەکانی سوپای هەرسێ وڵات، هاکان فیدان وەزیری دەرەوە و یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا لەگەڵ هاوتا سعوودیی و پاکستانییەکانیان ئامادە دەبن.

تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان تاوتوێکردنی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و دەریای سوور دەبێت.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە هەڵمەتە مووشەکی و درۆنییەکانی حوسییەکان بۆ سەر پێگە و دامەزراوە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە ناوخۆی سعودیە چڕتر بوونەتەوە، ئەمەش جدییەتی رێککەوتنی مەککە و ئاستی دەستوەردان و هاوکاریی سەربازیی تورکیا و پاکستان بۆ بەرگریکردن لە خاکی سعودیە دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازەوە.

هەینی 2ی تشرینی یەکەمی 2026، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان بە میدیاکانی راگەیاندبوو، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و گرنگی لیژنەی بەرگریی سیاسیی ستراتیژی لە چوارچێوەی رێککەتننامەی مەککە بەڕێوەدەچێت؛ ئاماژەی دابوو، ریاز میوانداری کۆبوونەوەکە دەکات و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش لەسەر هێرشی حووسییەکان دەبێت بۆ سەر ئەو وڵاتە.

لە 7ی ئابی 2026، سعوودیە، تورکیا و پاکستان لە شاری جەددە رێککەوتننامەیەکیان بۆ بەرگریی هاوبەش ئیمزا کرد.

ئەم هاوپەیمانییە نوێیە کە تورکیا، دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ ، پاکستان دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی و سعوودیە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهان لەخۆدەگرێت، تورکیا ئاشکراشی کردووە لە داهاتوودا دەرفەت هەیە میسریش پەیوەندی بەم هاوپەیمانییە بەرگرییەوە بکات بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، بەبێ ئەوەی ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییە تەقلیدییەکان بێت لەگەڵ واشنتندا.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی دابوو، رێککەوتننامەکە هاوشێوەی ماددەی پێنجەمی پەیمانی ناتۆ بڕگەی بەرگریی بەکۆمەڵ لەخۆدەگرێت؛ بە جۆرێک کە هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر تەواوی ئەندامانی رێککەوتنەکە هەژمار دەکرێت، و ئامانج لێی بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی هاوبەشە لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکی سەربازیدا.

لە مانگی تەممووزی رابردوودا بەهۆی تۆمەتبارکردنی ریاز بە بۆردوومانی فڕۆکەخانەی سەنعا، حووسییەکان گەمارۆی دەریاییان بەسەر سعوودیەدا سەپاند و هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەستیانپێکردەوە.

هاوکات بەشێکی زۆری کەناراوەکانی دەریای سوور تا دەگاتە بابولمەندەب لەلایەن حووسییەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوە، بەمەش هەژموونی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەسەر ئەو رێڕەوە ئاوییە هەستیارانەدا چڕتر بووەتەوە، کاریگەری لەسەر شادەماری هەناردەی نەوتی سعوودیە و دەروازەی سەرەکیی کەناڵی سوێسن هەبووە.