کریس رایت: رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی

 وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بڕیاری داوە رێگە نەدات ئێران دەست بە چەکی ناوکی بگات، گوتیشی، هەموو رێگەیەک دەگرینەبەر بۆ ئەوەی تاران نەگات بە ئامانجە ئەتۆمییەکەی.

دووشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2026، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سی بی ئێس نیوز روونیکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڵوێستێکی توندی گرتووەتەبەر. بە گوتەی رایت، سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە ئێران وەک گەورەترین رژێمی سپۆنسەری تیرۆر لە جیهاندا ناوی برد، ناتوانێت و نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی.

رایت سەبارەت بە هەوڵەکانی واشنتن گوتی: "بە دڵنیاییەوە ئێمە بەدوای هەموو رێگەیەکدا دەگەڕێین بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە لە رووی ئابوورییەوە، هاوکات ئامادەشین بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازی. بەڵام ناتوانین بۆ ئیدارەی داهاتوو بەجێی بهێڵین ئێران خاوەنی چەکی ناوکی بێت، چونکە ئەمە تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری".

وەزیری وزەی ئەمریکا روونیکردەوە، ئەگەر بڕیارەکان تەنیا سیاسی بوونایە، سەرۆک دۆخی ئێران و چەکی ناوکیی بۆ ئیدارەی داهاتوو دوا دەخست. رایت جەختیکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا هەنگاوێکی گرنگی ناوە و بڕیاریداوە رێگە نەدات ئێران ببێتە وڵاتێکی خاوەن چەکی ناوکی.

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە لەسەر بازاڕی وزە، رایت روونیکردەوە ترەمپ ئاگاداری ئەوە بووە ئەم هەنگاوە نرخەکانی وزە لە کورتخایەندا بەرز دەکاتەوە. رایت گوتی: "من زیانەکانی ئەم لایەنە هەڵدەگرم، بەڵام دەبێت کارە دروستەکە بکەم".

لەبارەی مەترسییەکانی سەر کەرتی وزەش، وەزیری وزەی ئەمریکا گوتی، سەرۆک بە تەواوی ئاگاداری ئەو مەترسییانە بوو هەڕەشە لە هەناردەی وزەی ناوچەی کەنداو دەکەن. رایت لە کۆتاییدا دووپاتیکردەوە، "بە سادەیی ناتوانم رێگە بەوە بدەم. جیهان ناتوانێت بەرگەی ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی بگرێت و من رێگە نادەم ئەمە رووبدات".