عوبه‌يدى ستايشى ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبى ده‌كات

خالید عوبه‌یدی وەزیری بەرگری عێراق ستایشی رۆڵی حەشدی شەعبی دەکات لەو ئۆپه‌راسیۆنە و ده‌ڵێ: رزگارکردنی فەللوجە خاڵی دەستپێکردنی کۆتایی ھاتنی داعشە لەسەرانسەری عێراق.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/8aa2ced7-56b0-4e98-be00-3d69ef0c9d37/Faluja%20Hashid.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆكردنه‌وه‌ی فەللوجە پێیی نایە رۆژی دووەمیيەوە و پێشڕەوییەکانی ھێزە عێراقییەکان بەراورد به‌ پێشڕەییەکانی رۆژی یەکەمی، خاوتر بوون، بەڵام خالید عوبه‌یدی وەزیری بەرگری عێراق ستایشی رۆڵی حەشدی شەعبی دەکات لەو ئۆپه‌راسیۆنە و ده‌ڵێ: رزگارکردنی فەللوجە خاڵی دەستپێکردنی کۆتایی ھاتنی داعشە لەسەرانسەری عێراق.

پێشڕەوییەکانی سوپای عێراقی بە ھاوکاری حەشدی شەعبی و فڕۆکە جەنگییەکانی ھێزی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە فەلوجە بەردەوامە و سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت، بەشداریکردنی ئەو ھێزە لە ئۆپراسیۆنی فەلوجە پێویستە و وەزیری بەرگری عێراقیش دەڵێ ئەو ئۆپراسیۆنە دەستپێکی کۆتایی داعشە لە عێراق.

لەگەڵ پێشڕەوییەکانی ھێزە عێراقییەکان لە ئۆپراسیۆنی فەلوجە، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، رایگەیاند بەمزووانە، ئاڵای عێراق لە سەنتەری شاری بەغدا ھەڵدەکەین، فەرماندەیەکی حەشدی شەعبیش ئاشکرای دەکات، ھێزەکەیان رۆڵێکی باڵای ھەبووە لە ئۆپراسیۆنی فەلوجەدا.

قەیس ئەلخه‌زعه‌لى، ئەمینداری گشتی ميليشياى عەسایبى ئەھل حەق گوتى: "خەڵک دەڵێت ئێمە حەشد شەعبیمان ناوێت شارەکانمان رزگار بکەن، وەڵامی ئێمەش بۆ ئەوانە ئەوەیە کە پێویستە ئێمە شارەکانی عێراق رزگار بکەین، پێویستە ناوچەکانی گەرمە، سەقلاوییە و فەلوجە رزگار بکەین، لەبەرئەوەی ئەم ناوچانە بوونەتە ناوچەی بەھێزی تیرۆرستان بۆ کوشتنی عێراقییەکان".

لەپێش دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی فەلوجە، داوایەکی زۆر ھەبوو کە چەکدارانی حەشدی شەعبی، بەشداری ئۆپراسیۆنەکانی فەلوجە و موسڵ نەکەن، بەڵام وەزیری بەرگری عێراق دەڵێ، سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی ھەماھەنگییەکی زۆریان ھەبووە لە دوو رۆژی یەکەمی ئۆپراسیۆنی فەلوجە.

خالید عوبێدی، وەزیری بەرگری عێراق گوتى: "ئۆپراسیۆنەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە دەڕوات و ھیوادارم بەزووترین کات ئامانجی خۆمان بپێکین. لەم ئۆپراسیۆنە ھەماھەنگییەکی بەھێزیش لەنێوان سوپا و حەشد ھەیە کە بە ئۆپراسیۆنی شکاندنی تیرۆريستان ناسراوە و ھیواداریشین ئەمە دەستپێکی کۆتایی تیرۆرستان بێت لە موسڵ".

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان داوا دەکات پێویستە رێڕەوێکی مرۆیی بۆ دایشنتوانانی شاری فەلوجە بکرێتەوە، تاوەکو ھاووڵاتیانی ئەو شارە بتوانن ناوچەکە بەجێبێڵن، ئاشکراشی دەکات گیانی نزیکەی 50 ھەزار خەڵکی سڤیل لە مەترسیدایە بەھۆی ئەو ئۆپراسیۆنەوە.