خەڵکی دهۆک لە کردەوەکانی پەکەکە نیگەرانن
"پەکەکە هێندە زیانی بە سوپای تورکیا نەگەیاندووە هێندەی بە پێشمەرگەی گەیاندووە"
K24 - دهۆک
خەڵکی پارێزگای دهۆک لە کردەوە و دەستدرێژییەکانی پەکەکە نیگەرانن و رایدەگەیەنن، پەکەکە هێندە زیانی بە سوپای تورکیا نەگەیاندووە هێندەی بە پێشمەرگەی گەیاندووە، ئاماژە بەوەش دەکەن. هەرێمی کوردستان ئارامە، بەڵام پەکەکە سوپای تورکیا رادەکێشێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و رێگە بۆ داگیرکاری خۆشدەکات. چاودێرێکی سیاسیش دەڵێ "پەکەکە بۆ تێکدانی بەرژەوەندییەکانی کورد دروستبووە و ئەوەی دەیکات، بەدیهێنانی ئەجندای وڵاتانی دوژمنی کوردستانە.
کردەوەکانی پەکەکە بووەتە باس و خواسی نێو هەموو دانیشتن و گردبوونەوەکانی خەڵکی دهۆک، ئەوان باس لەوە دەکەن بەهۆی پەکەکە رەوشی ناوچە سنوورییەکان بە تەواوی تێکچووە و با بچن لە باکووری کوردستان خەبات بکەن، ئێرە شوێنی خەباتی ئەوان نییە.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی دهۆک دەڵێ: "هەموو کوردێکی دڵسۆز بە کردەوەکانی پەکەکە نیگەران بووە، ئەوان سنوور و شوێنی خەباتیان دیارە، پەکەکە هاتووەتە سەر خاکی ئێمە و لێرەش دەیانەوێت زوڵم لە خەڵک بکەن، با بچن لەسەر خاکی خۆیان خەبات بکەن".
"پەکەکە شەریکی نەیارانی کوردە بۆ تێکدانی رەوشی هەرێمی کوردستان" ئەمە قسەی دانیشتووێکی دهۆکە ئەو خوازیارە پەکەکە واز لە کردەوەکانی بێنێ.
محەمەد عامر دێرشەوی، چاودێری سیاسی بە کوردستان24ی گوت: "لە هەر شوێنێک دەرفەتێکی باش بۆ کورد بێتە پێش، پەکەکە دەیکاتە ئامانج، بەرپرسانی پەکەکە دژی هەموو بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردن، لە هەر کونجێکی جیهان بێت".
چەندین ساڵە پەکەکە هەموو هێزەکانی لەناو خاکی باکووری کوردستان کشاندووەتەوە و لەناو خاکی هەرێمی کوردستان هێرش دەکاتە سەر سوپای تورکیا، بەمەش دەیەوێت سوپای تورکیا رابکێشێتە ناو هەرێمی کوردستان. هاوکات هێرش دەکاتە سەر هێزی پێشمەرگە، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا 6 پێشمەرگەیان شەهید کردووە و 7ی دیکەشیان بریندار کردووە و لە هەمانکاتدا هیچ زیانێکیان بە سوپای تورکیا نەگەیاندووە.