بەهێزی دۆلار نرخی زێڕی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزاند
وەبەرهێنەران چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەی بانکی یەدەگی فیدراڵی دەکەن

K24 - هەولێر
نرخی زێڕ لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممەدا بۆ کەمترین ئاستی چەند هەفتەی رابردووی دابەزی، هۆکاری سەرەکیشی بەهێزی دۆلارە، کە وەبەرهێنەران چاوەڕوانی کۆبوونەوەی سیاسەتی نەختێنەیی ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا دەکەن، کە ئەم هەفتەیە بەڕێوەدەچێت.
نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکانیدا بە رێژەی 1.03٪ بۆ 1،857.02 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزی، کە ئەوەش کەمترین ئاستییەتی لە سێ هەفتەی رابردوویدا.
هەروەها لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی ئاب بە رێژەی ٪1.07 بۆ 1،858.30 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزی.
لە بەرامبەردا پێنوێنی دۆلار بە رێژەی 0.1٪ بەرامبەر سەبەتی شەش دراوە سەرەکییەکە بەرزبووەتەوە.
ئێستا وەبەرهێنەران چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەی بانکی یەدەگی فیدراڵی دەکەن، کە بڕیارە رۆژانی 15 و 16ـەی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت و دیدگای بڕیاربەدەستان لەبارەی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و سیاسەتی نەختێنەیی لە داهاتوو بەرزبێتەوە.
لەبەرامبەردا، بەهای زیو بەرێژەی 0.3٪ بۆ 27.80 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزی، هەریەکە لە پلادیۆم و پلاتنیش بۆ 2،771.31 و 1،143.71 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەدوای یەک دابەزین.