كۆنتڕۆڵكردنهوهی فهللووجه به "سزادانی به كۆمهڵی سووننهكان" دادهنرێت
دیوانی فیقهی ئەهلی سووننە لە عێراق، لە بەیاننامەیەکدا سزادانی بەكۆمەڵ بەسەر دانیشتووانی شارەكەدا رەتکردەوە
K24 - ههولێر:
پرۆسە سەربازییەکانی عێڕاق دژی چەکدارانی داعش لە فەللووجە بەردەوامەو تادێت چەکدارانی داعش لە شکست نزیكدەبنەوە، هێزە ئاسمانییەکانی عێراق و فڕۆکەكانی هاوپەیمانان، بەردەوامن لە بۆردومانکردنی چەکدارانی داعش، بەڵام مەترسی زۆر لە سەر ژیانی هەزاران هاووڵاتی ھەیە کە تائێستاش لە ناو شاردا ماونەتەوە.
حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دوای سەرپەرشتی کردنی کۆبوونەوەیەکی فەرماندە سەربازییەکان و ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەك، دڵنیایی دەدات لە پاراستنی ئەو هەزاران هاوڵاتییەی لە فەللووجەدا ماون و دەشڵێت سەرکەوتن زۆر نزیکە.
لەکاتێکدا دەستەی زانایانی موسوڵمانی سووننە لە بەیاننامەیەکدا، پرۆسەی کۆنتڕۆڵ کردنەوەی فەللووجە بە هەڵمەتی تۆڵەکردنەوە لە سووننە ناودەبات و رایگەیاند: "ئەوەی لە فەللووجە روودەدات تۆڵە کردنەوەی ملیشیا تایهفییەکانە دژ بە خەڵکی موسڵمانی سووننە".
هاوكات، دیوانی فیقهی ئەهلی سووننە لە عێراق، لە بەیاننامەیەکدا سزادانی بەكۆمەڵ بەسەر دانیشتووانی شارەكەدا رەتکردەوە.
دوای ئەوەی چەند سەرچاوەیەك ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، قاسم سولێمانی سەرپەرشتی کۆنتڕۆڵکردنەوەی فەللووجە دەکات، ناڕەزایەتی زۆری سووننەکانی بەدواداهات و تەنانەت سامر سەبهان، باڵیۆزی سعودیە لە عێڕاق، وێڕانی نیشاندانی مهترسییهكانی خۆی، بهڵام گوتی: "خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری عێراق دڵنیاییدا لەوەی سوپا پرۆسەکە بەڕێوە دەبات".
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی تۆڕی میدیای جەنگی سەربە وەزارەتی بەرگریش، هەریەك لە فڕۆکەکانی هاوپەیمانان و عێڕاق، 95 هێرشییان بۆ سەر چەکدارانی داعش ئەنجامداوە وەك پاڵپشتییەك بۆ ئۆپەراسیۆنەکە.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەکان رایگەیاند، چەند یەکەیەکی سەربازی دیکە رەوانەی بەرەکانی جەنگ لە فەللووجە کراوە".
بەگوێرەی زانیارییەکان نزیکەی هەزار و هەشت سەد چەکداری داعش لە نێو فەللووجەدا ماون.
لە رووی مرۆییشەوە، پێشتر هەریەك له رێكخراوی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، هۆشداریاندا لە چارەنووسی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی فەللووجە، کە لە شارەکەدا گیرییان خواردووەو ناتوانن لە بێنە دەرەوە.
فەللووجە، یەکەم شاری عێراق بوو کە لە ساڵی ٢٠١٤ کەوتە دەست رێکخراوی داعش.