وه‌زاره‌تی كاره‌با: نزیکەی 50٪ هاوبەشانی کارەبا بوونەتە خاوەن پێوەری زیرەک

پێوەری زیرەک بۆ نزیکەی 700,000 هاوبه‌شیان بەستراوە

كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌ كاتی ئه‌ركدا
كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌ كاتی ئه‌ركدا

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 700 هەزار پێوەری زیرەکی کارەبا بەستراون و بە هۆیەوە بڕی پێدانی کارەبای نیشتمانی بەرزبووەتەوە و تا ئاستێکی باش دادپەروەری لە دابەشکردن و پێدانی کارەبا بۆ هاووڵاتییان بەدیهاتووە.

عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی پێوەری زیرەک لە لێدوانیکدا رایگەیاند، لە %48 هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان خاوەن پێوەری زیرەکن و لە کۆی 1,480,000 هاوبەشی کارەبا، پێوەری زیرەک بۆ نزیکەی 700,000 هاوبه‌شیان بەستراوە و هەر دوو کرداری دیاریکردنی وزەی کارەبا و چاپکردنی پسولە بە سیستەمی تۆڕی زیرەک کەوتوونەتە کار.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی سایتی وه‌زاره‌تی كاره‌با، بە هۆی بەسترانی %48 پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا چه‌ندین ئه‌نجامی ئه‌رێنی به‌ده‌ستهاتوون، له‌وانه‌:  کەمکردنەوەی رێژەی بەفیرۆدانی وزەی کارەبا لە لایەن هاوبەشانەوە.  بەرزبوونەوەی رێژەی پێدانی کارەبای نیشتمانی.  کەمکردنەوەی کارپێکردنی مولیدە ئەهلییەکان کە بووە هۆی کەمکردنەوەی خەرجی هاوبەشانی مولیدە ئەهلییەکان بۆ 5 هەزار دینار لەم مانگەدا، لە کاتێکدا لە تەواوی عێراق (15-10) هەزارە. هه‌روه‌ها کەمبوونەوەی پیسبوونی ژینگە، کەمبوونەوەی کێشەی هاوبەشان لە ڕووی وزەی کارەبا و زیادبوونی متمانەی هاووڵاتییان بە کارەبای نیشتمانی. کەمکردنەوەی سەرپێچی، دادپەروەری لە ئەژمارکردنی وزەی بەکارهاتوو مسۆگەر بووە.  پسوولەی کارەبا، مانگانە ده‌بێت، کە پێشتر دوو مانگ جارێک بوو.

وەزارەتی کارەبا لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا دەستی بە پەرپێدانی کەرتی کارەبا کردووە و، بە دانانی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی، بەرەو چارەسەرکردنی یەکجاری کێشەی کارەبا هەنگاو دەنێت. سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەش پێویستی بە هاوکاری و متمانەی هاووڵاتیان هەیە.