بەحرەین: ئێران دامەزراوەیەکی پیشەسازیی مەدەنی کردە ئامانج

وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین رایگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشێکی ئێراندا دامەزراوەیەکی پیشەسازیی مەدەنی کراوەتە ئامانج و ئاگری تێکەوتووە بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە؛ هاوکات میدیاکانی ئێران باس لە بیستنی دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ئاراستەی دەریاوە لە شاری سیریکی پارێزگای هورمزگان دەکەن.

شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین راگەیەندراوێکی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، لە ئەنجامی ئەوەی بە دەستدرێژیی قێزەونی ئێران ناوی بردووە، دامەزراوەیەکی پیشەسازیی مەدەنی کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە ئاگرێک لە شوێنەکەدا کەوتووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کارکردنن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان، رووداوەکە زیانی ماددیی لێ کەوتووەتەوە و هیچ بریندارێک تۆمار نەکراوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێران بڵاوی کردەوە، دانیشتووانی شاری سیریک لە رۆژهەڵاتی پارێزگای هورمزگان دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێزیان لە ئاراستەی دەریاوە بیستووە.

بە گوتەی ئاژانسی فارس، هێشتا سروشتی تەقینەوەکان دیار نییە، بەڵام پێدەچێت پەیوەندیی بە تەقەی هۆشداری یان تەقینەوەی کەشتی و بەلەمە سەرپێچیکارەکانەوە هەبێت بە هۆی بەرکەوتنیان بە مین.