جۆزێف عۆن: هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت قبووڵ ناکەین
سەرۆکی لوبنان رایگەیاند، داگیرکاریی ئیسرائیل و دەستوەردانی ئێران دوو بەربەستی سەرەکین لەبەردەم تەواوبوونی سەروەریی لوبناندا. هاوکات جەختیکردەوە، هیچ جێگرەوەیەک بۆ سەربەخۆیی لوبنان نییە و جگە لە دەوڵەت، هیچ زامنێکی دیکە بۆ وڵاتەکە بوونی نییە.
شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان، لە گوتارێکدا بە بۆنەی 83ـیەمین ساڵیادی سەربەخۆیی وڵاتەکەی گوتی: لوبنان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازدایە. هاوکات سەرۆکی لوبنان دوو بەربەستی سەرەکی بۆ تەواوبوونی سەروەریی وڵاتەکەی دەستنیشانکرد و گوتی: "داگیرکاریی ئیسرائیل بۆ بەشێک لە خاکەکە و دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆ بەتایبەتی لەلایەن هەندێک لایەنی دەستڕۆیشتووی نێو ئێران، لە رێگەی چەک و بڕیارێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی لوبنان، ئاستەنگی گەورەن لە بەردەم سەروەری وڵاتەکە".
سەرۆکی لوبنان ئەو دوو پرسەی وەک دوو قەیرانی بەیەکەوە گرێدراو رایگەیاند، هەرکامەیان بوونەتە پاساو بۆ ئەوی دیکە و لە هاوکێشەکەدا یەکتر بەهێز دەکەن.
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە هەردوو حاڵەتەکەدا، لوبنان ئەو لایەنەیە کە باجەکەی دەدات، بەتایبەتی ناوچەی باشوور و دانیشتووانەکەی کە لە ساڵی 1969ـەوە نەوە دوای نەوە باجی شەڕە یەکبەدوایەکەکانیان داوە".
لەبارەی پڕۆژەی چارەسەرکردن، سەرۆکی لوبنان رایگەیاند: "داگیرکاری بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە. هەروەها نابێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەوڵەت هەبێت کە فەرمان لە دەرەوە وەربگرێت و خزمەتی دەرەوە بکات، ئینجا ئەو لایەنە دەرەکییە هەر لایەنێک بێت".
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، جۆزێف عۆن روونیکردەوە: "ئەمە ناوەڕۆکی پڕۆژەی نیشتمانیی وڵاتەکەمانە و ئەم هەڵوێستەشمان وادەکات رووبەڕووی هەڵمەتی هەردوو لایەنی ناکۆک ببینەوە".