یهكێتی: رێككهوتنهكانی حزب بهریهك بكهون لهگهڵ پارتی گفتوگۆ دهكهین
نهوشیروان مستهفا ترسیی خۆی نهشاردووهتهوه
K24 - ههولێر:
ئەندامێکی ژووری پەیوەندییەکانی دەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: نەوشیروان مستەفا، کە دەڵێت "عیبرەت لە ئیمزاکردنی ریكکەوتن نییە، بەڵکو عیبرەت لە جێبەجێکردنی دایە"، ئاماژەیەکە، کە پێویستە گۆڕان و یەکێتی پابەندی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بن.
لای خۆیشییەوە کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی دەڵێت: "رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی ئارامی و سەقامگیری لێ بەرهەم هاتووە، لەکاتێکدا، ئەگەر لە نێوان هەردوو رێککەوتنەکەش بەریەککەوتن دروست بوو، ئامادەن لەگەڵ پارتی گفتوگۆ بکەن".
رێککەوتنەکەی یەکێتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، وای کردووە یەکێتی بخاتە دۆخێك پێناچێ هیچ پارتێك ئیرەیی پێ ببا، یەکێتی لەبەردەم دوو بژاردە دایە، یەکێکیان پابەندبوون بە رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی بۆ هاوبەشی لە حوکمڕانی هەموو باشووری کوردستان و ئەوەی دیکەشیان پابەندبوونە بە رێککەوتنەکەی لە گەڵ گۆڕان کە وەك ھەندێك لە بەرپرسانی پارتی ڕایانگەیاندووە وادەکا یەکێتی و گۆڕان بە هاوبەشی حکوومڕانی تەنیا ناوچەی زۆنی سەوز لە سلێمانی بکەن.
شارەزایان پێیانوایە رێککەوتنەکە بەشی زۆری لە قازانجی بزووتنەوەی گۆڕان دایە و لەبەر ئەمەش مەترسی لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی بەندەکانی رێککەوتنەکە لەلایەن گۆڕانەوە زۆرە، نەوشیروان مستەفا لە رستەیەکی کورتدا ئەو مەترسیەی نەشاردەوە و لەبەردەم بەرپرسانی یەکێتی گوتی: "عیبرەت لە ئیمزاکردن نییە، بەڵکو عیبرەت لەجێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دایە".
داکۆکیکردنی بەرپرسانی گۆڕان لە کۆبوونەوەی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی لەگەڵ پارتی، بەپێی بۆچووی شارەزایان بەدەر لەوەی بەمانای هەڵوەشانەوە یان کاڵبوونەوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی دێ، هاوکات هەوڵێکیشە تا رۆڵی سەرەکی پارتی وەك هێزی یەکەم لە ناوچەکە لاواز بکات و پارتی لە موخاتیبەوە بۆ وەرگر بگۆڕێ.
ئەگەر رێککەوتنی نێوان دوو حزب بەمانای هاتنەکایەی ئاشتەوایی و ئارامی سیاسی بگەیهنێت، بەڵام بەهۆی دژەبەرە رەنگدانەوەی رێککەوتنەکانی دوو قۆڵی نابینرێ و ئێستاش نیگەرانی لەم لاو لەولا دەبیسترێ و خەڵکیش بە وریایی چاوەڕێی ئایندەیەكی باشترە.