ئاژانسی وزه‌ی ناووكی: چاوه‌ڕێی حكومه‌تی نوێی تاران ده‌كه‌ین
بووژاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه پێویستی به ئیراده‌ی سیاسی هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌یه
K24 – هه‌ولێر:
به‌ڕێوبه‌ری گشتیی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناووكی، رافائیل گرووسی، رایگه‌یاند، بۆ سه‌رپێخستنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ناووكی 2015ی ئێران و وڵاتانی چوار كۆ یه‌ك، پێویسته چاوه‌ڕێی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت له تاران بكه‌ین.
له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "لاریبۆبلیكا"، رافائیل گرووسی گوتی: بووژاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه پێویستی به ئیراده‌ی سیاسی هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌یه.
گوتیشی: ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوو له ڤیه‌ننا كران، زیاتر باسوخواسی ته‌كنیكی ئاڵۆز و هه‌ستیار بوون، پێداویستی سه‌ره‌كی بۆ سه‌ركه‌وتنی دانووستانه‌كان، هه‌بوونی ئیراده‌یه‌كی سیاسیی به‌هێزه له لایه‌ن هه‌مووانه‌وه.
بڕیاره رۆژی هه‌ینی كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی بۆ 13هه‌مین سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ڕێوه‌بچێت.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، گوته‌بێژێك به ناوی كۆماری ئیسلامی ئێران، رایگه‌یاندووه، پێشبینی ده‌كرێت سه‌رۆكی نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران، له ناوه‌ڕاستی مانگی (ئاب/ ئۆگست)ی داهاتوودا كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی پێكبهێنێت.
ده‌سه‌ڵاتی ئێستای حه‌سه‌ن رووحانی، سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران، تا رۆژی (3ی ئاب/ ئۆگستی 2021) به‌رده‌وام ده‌بێت.
گه‌ڕی شه‌شه‌می دانووستانه‌كانی ڤیه‌ننا بۆ بوژاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ناووكی نێوان ئێران و وڵاتانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، جگه له ئه‌مه‌ریكا و به به‌شداری ئه‌ڵمانیا رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو به‌ڕێوه‌چوو.