ئەندامێکی هەدەپە لە ئیزمیر کوژرا
هێرشکرایە سەر بارەگای هەدەپە

K24 – هەولێر
ئەمڕۆ لە ئیزمیر هێرش کرایە سەر بارەگای هەدەپە و ئەندامێکی ئەو پارتە کوژرا.
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: "کاتژمێر 11ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئیزمیر هێرشکرایە سەر بارەگای پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، ئەندامێکی هەدەپە بەناوی دەنیز پۆیرازی کوژرا".
هەدەپە راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و وێڕای شەرمەزارکردنی بکەرانی کردەوەکە هێزە ئەمنییەکانی بە کەمتەرخەم زانی لە پاراستنی بارەگا و ئەندامانیان.
لە راگەیەندراوەکەی هەدەپە ئاماژە بەوەشکراوە، کە هێرشکردنە سەر ئەندام و بارەگاکانیان لە تورکیا زیادیکردووە و هێرشەکان مەبەستدارن.
نالین دری، پەیامنێری کوردستان24 لە ئەنقەرە رایگەیاند، دوای ئەو رووداوە لە بارەگاکانی دیکەی هەدەپە رێوشوێنی ئەمنی گیراوەتەبەر.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێرانی کوردستان24 کەوتووە ئەو کەسەی ئەندامەکەی هەدەپەی کوشتووە خەڵکی سووریایە.