ته‌ندرووستی هه‌ولێر: لێكۆڵینه‌وه له گیانله‌ده‌ستدانی كچێك به هۆی ده‌رمانه‌وه ده‌كه‌ین
به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی تەندروستی هەولێر، رایگه‌یاند، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی گیانله‌ده‌ستدانی كچێك له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌تی شاری هه‌ولێر، كه باس له‌وه ده‌كرێت له رێی ئۆنلاینه‌وه ده‌رمانی قه‌ڵه‌وی كڕیوه، لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ین.
K24 – هه‌ولێر:
به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی تەندروستی هەولێر، رایگه‌یاند، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی گیانله‌ده‌ستدانی كچێك له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌تی شاری هه‌ولێر، كه باس له‌وه ده‌كرێت له رێی ئۆنلاینه‌وه ده‌رمانی قه‌ڵه‌وی كڕیوه، لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ین.
له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه روونیكردووه‌ته‌وه، تیمی پشکنین و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتییه‌كه‌یان هەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە دەستی بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە کردووە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەرکەوتنی هۆکاری زانستی ئەم گیانسپاردنە و لەهەر ئەگەرێک سەرپێچی کاران رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
پێشتر كوردستان24 بڵاویكرده‌وه، كچێكی ته‌مه‌ن 18 ساڵان، دوای كڕینی حه‌بێك له رێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، دووچاری كێشه‌ی ته‌ندروستی ده‌بێت، دوای ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك و 6 رۆژ مانه‌وه له نه‌خۆشخانه، گیانی له‌ده‌ستداوه.
ئه‌و كچه له رێگه‌ی فهیسبووكهوه حه‌به‌كه‌ی كڕیوه، وه‌ك كه‌سوكاره‌كه‌ی باسی ده‌كه‌ن، گوایه حه‌به‌كه هی قه‌ڵه‌وبوون بووه، هه‌رچه‌نده دایك و باوكی رازی نه‌بوونه كچه‌كه‌یان ئەو حه‌به بكڕێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتنی ئاسان بووه، له رێگه‌ی ئینته‌رنێت كڕیویه‌تی و به تاكسی گه‌یه‌نراوه‌ته ده‌ستی.
ئه‌و كچه ناوی هێلین ئه‌حمه‌ده و قوتابی قۆناغی دووی په‌یمانگایه و ده‌رچووه بۆ قۆناغی سێیه‌م، به‌ڵام به‌هۆی كاریگه‌ریی نه‌رێنی ئه‌و حه‌بانه، گیانی له‌ده‌ستدا.
د. نه‌سره‌ت خۆشناو، مامۆستای زانكۆ، به‌ناوی كه‌سوكاری هێلین قسه‌ی بۆ كوردستان24 كرد و گوتی: "هێلین 36 ده‌نك له‌و حه‌به‌ی خواردبوو، دوای ئه‌وه هه‌ستی به‌بێ تاقه‌تی كردووه و به دایكی گوتووه بێ تاقه‌تم".
وه‌ك د. نه‌سره‌ت باسی ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی هێلین گه‌یه‌نراوه‌ته نه‌خۆشخانه، دكتۆره‌كان پێشوه‌خته پێیانگوتووه كه ته‌ندروستی زۆر خراپه و پێناچێت بتوانن ژیانی رزگار بكه‌ن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی پێویستیان بۆ ئه‌نجامداوه.
د. نه‌سره‌ت ده‌ڵێت: "پزیشكان گوتیان كه جگه‌ر و گه‌ده و گورچیله‌كانی هێلین به‌هۆی ئه‌و ده‌رمانه‌وه كه كه‌س نازانێت چ كۆمپانیایه‌ك دروستی ده‌كات، له‌كار كه‌وتوون، بۆیه هیچ ده‌رمانێك ناتوانێت له‌و قۆناغه باری ته‌ندروستی هێلین جێگیر بكاته‌وه".
ئه‌وه‌ش روون ده‌كاته‌وه كه ئه‌و حه‌به‌ی هێلین كڕیویه‌تی، له‌سه‌ر ئینته‌رنێت سێرچیان بۆ كردووه، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و كۆمپانیا جیهانییه نادۆزنه‌وه ئه‌و حه‌به‌ی به‌رهه‌م هێنابێت و پێده‌چێت ده‌ستكرد بێت، یانیش به قاچاخ هێنرابێته هه‌رێمی كوردستان.
د. نه‌سره‌ت داوا له لیژنه‌ی ته‌ندروستی په‌رله‌مان و حكومه‌تیش ده‌كات، كۆتوبه‌ندی زیاتر بخه‌نه سه‌ر ئه‌و جۆره بازرگانییه‌ی حه‌ب و ده‌رمان، چونكه ئه‌وه ده‌بێته كیمیاییهك بۆ سه‌ر گیانی هاووڵاتییان به تایبه‌تیش كه ده‌ستكه‌وتنیان ئاسانه.
له باره‌ی تۆماركردنی سكاڵاش ده‌ڵێت: "هێلین وه‌ك كچی من وابوو، ئه‌و هێشتا گه‌نج بوو، ئێمه ئێستا له‌ناو پرسه‌ین و نازانین سكاڵا له‌سه‌ر كێ تۆمار بكه‌ین، به‌ڵام ده‌بێت لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بێنه سه‌ر هێڵ و كاری خۆیان بكه‌ن".
پێشتر كوالیتی كۆنتڕۆڵی ده‌رمان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هۆشداری له به‌كارهێنانی چه‌ندین حه‌ب و ده‌رمان داوه و هاووڵاتیانی ئاگادار كردووه‌ته‌وه، هه‌ر ده‌رمانێك ئه‌گه‌ر ستیكه‌ر (له‌زگه)ی تایبه‌تی كوالیتی كۆنتڕۆڵی پێوه‌نه‌بێت، نه‌یكڕن و به‌كاری نه‌هێنن.