ئاسۆ عه‌بدوللـه‌تیف: سبه‌ی ئێرانێكی نوێ له‌دایك نابێت
راسته تمه‌ن داڕماوه، به‌ڵام وڵاتانی جیهان پێویستیان به پێگه و هه‌ژموونی جیۆسیاسی ئێرانه.
K24 – هه‌ولێر:
ئاسۆ عه‌بدوللـه‌تیف، نووسه‌ر و چاودێری سیاسی بۆ كوردستان24، باسی له كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران كرد و گوتی: سبه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵبژاردنه نابێته هۆی له‌دایكبوونی ئێرانێكی نوێ. گوتیشی: جیهان نایه‌وێت ئێران بڕووخێت، چونكه راسته تمه‌ن داڕماوه، به‌ڵام وڵاتانی جیهان پێویستیان به پێگه و هه‌ژموونی جیۆسیاسی ئێرانه.
پوخته‌ی بۆچوون و خوێندنه‌وه‌ی ئاسۆ عه‌بدولله‌تیف بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئێران:
قۆناغێكی نوێ و ئێرانێكی كۆن
سبه‌ی ئێران پێ ده‌نێته قۆناغێكی نوێ، بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران. له 1979ه‌وه تا ئێستا، هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران نه‌یانتوانیوه گۆڕانكارییه‌كی ریشه‌یی له دۆخی سیاسی و ئابووری ئێران بهێنێته ئاراوه، به تایبه‌تی بۆ كورد و ئه‌و پێكهاتانه‌ی له ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئێرانن. ته‌واوی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له سیستمی ویلایه‌تی فه‌قیه و شورای نیگه‌هبان ناسراوه، ده‌سه‌ڵاته‌كان له ده‌ستی رابه‌رن. به درێژایی 40 ساڵی ده‌سه‌ڵاتی ئێران، وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی كۆنسه‌رڤاتیڤ و مه‌زهه‌بی به‌هێز له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كاراییه‌كی سیاسی هه‌یه به‌سه‌ر عێراق، كه‌نداو، سووریا، یه‌مه‌ن و لوبنان و كۆمه‌ڵێك وڵاتی دیكه.
ئێران به‌ره‌و دواوه ده‌گه‌ڕێته‌وه
ته‌واوی فۆكه‌سی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به‌رهه‌مهێنه‌ری كۆمه‌ڵێك عه‌قڵیه‌ته، كه له رابه‌ره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، دوای خومه‌ینی، قۆناغی عه‌لی خامنه‌یی ره‌نگڕێژكراوه، ئه‌مه‌ش قۆناغی ده‌سكه‌نه‌ی شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران بوو، نه‌یتوانی هیچ یه‌ك له‌و خه‌ونانه به‌دیبهێنێت، كه وه‌ك به‌ڵێن به خه‌ڵكیان دابوو، نه‌یانتوانی ئێران بكه‌نه وڵاتێكی ته‌كنۆكرات و پێشكه‌وتوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه رۆژ له دوای رۆژ له سه‌ر ده‌ستی ئه‌م هێز و عه‌قڵیه‌ته ئێران به‌ره‌و دواوه رۆیشت، راسته له رووی ته‌كنیكی سه‌ربازی و ئه‌تۆمییه‌وه، تا راده‌یه‌ك هه‌نگاوی گه‌وره‌ی نا، به‌ڵام نه‌یتوانی دڵی ئێرانییه‌كان خۆش بكات، ئێرانی تووشی قه‌یرانی فه‌رهه‌نگی و سیاسی و ئابووری ئاڵۆز كردووه‌ته‌وه و ئێستا ئێران ده‌وڵه‌تێكه هیچ ده‌وڵه‌تێكی دیكه له ناوچه‌كه‌دا به‌غیلی پێ نابات.
لاوازترینیان كاندیدی ریفۆرمخوازانه
له ساڵانی رابردوودا كۆمه‌ڵێك بزووتنه‌وه‌ی سیاسی سه‌ریانهه‌ڵدا، به تایبه‌تی دوای هه‌ڵبژاردنی 2009 و هاتنی ئه‌حمه‌دینه‌ژاد و دزینی ده‌نگی خه‌ڵك و سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز، كه رێبه‌رایه‌تی باڵی ریفۆرمیان ده‌كرد، هه‌موو ئه‌مانه به‌ره‌و كۆتایی هاتن و خامۆشبوون رۆیشتوون، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كاندیدانی ئه‌م ره‌وته، ئه‌گه‌ر چی به‌شێكیان سازشیان كرد، ئێستاش ململانێكان له نێوان ره‌ئیسی و هیممه‌تی، كه به‌رپرسی بانك و ئابووری ئێران بووه، یه‌كێكه له كاندیده هه‌ره لاوازه‌كانی ریفۆرمه‌كان و له ناچاریدا ده‌یانه‌وێت ده‌نگی پێ بده‌ن، ئه‌گینا كاندیده‌كانیان به فیلته‌ری ده‌سه‌ڵاتی رابه‌ر و شورای نیگاباندا هه‌رزوو سانسۆر كران و كرانه ده‌ره‌وه، بۆیه نه‌یانتوانی پله‌كانی كاندید بوون ببڕن و بێن كێبڕكێ بكه‌ن، راسته ئێستا ره‌ئیسی پێگه‌ی به‌هێزه و خامه‌نه‌یی وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها پشتیوانی ده‌كات، ئه‌گه‌ر چی دۆسییه‌یه‌كی پاكی نییه له ئاستی جیهاندا، به هۆی ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رپرسی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئێران بووه.
خه‌ڵك بێ ئومێدن
له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ئێرانێكی نوێ له‌دایك نابێت، هه‌ر ئێستا به گوێره‌ی چه‌ندین راپرسی نافه‌رمی خه‌ڵك به گومانن بچنه ده‌نگدان و ته‌نانه‌ت خامنه‌یی به‌رده‌وام داوا له خه‌ڵك ده‌كات به‌شداری له هه‌ڵبژاردن بكات و ده‌ڵێت با ده‌وڵه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران بپارێزین. له ئێران بێئومێدییه‌كی زۆر هه‌یه به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، بینیمان له ساڵانی رابردوودا خه‌ڵك له تاران وێنه‌كانی خامنه‌ییان دڕاند، له ئێران‌دا زه‌مینه سازی نییه بۆ ئه‌وه‌ی ئێرانێكی نوێ به فۆرمێكی تازه له‌دایكبێت. هێشتا ده‌سه‌ڵاته‌كانی رابه‌ر، سوپای پاسداران، ئه‌نجوومه‌نی ده‌ستنیشانكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران، ناهێڵن هیچ ریفۆرم و گۆڕانێك بێته ئاراوه.
ئه‌و ده‌نگانه‌ش، كه هه‌ن، سیناریۆی ده‌سه‌ڵات خۆیه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ئارام بكه‌نه‌وه و به‌شداری له پرۆسه‌كه بكه‌ن.
كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مانه‌وه‌ی ئێرانیان ده‌وێت
كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی خوازیاره ئێران به سه‌ركه‌وتوویی له هه‌ڵبژاردن بێته ده‌ره‌وه و سه‌رۆك كۆمارێكی نوێ به عه‌قڵیه‌تێكی نوێ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ جیهان بكات و گۆڕانكاری له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران بكات. له ساڵانی رابردوو ئه‌م سیاسه‌ته به ده‌ست ریفۆرمخوازه‌كان بوو و ده‌یانویست ئێران به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی دیكه به‌رن. كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی خوازیاره پرسی ئێران چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه ئه‌وان پێویستیان به ئێرانه، ئێران وڵاتێكی ئه‌وه‌نده‌ش ئاسان نییه و راسته له رووی تمه‌ن و ئابوورییه‌وه داڕووخاوه، به‌ڵام پێگه‌ی جوگرافی ئێران و پێگه‌ی به‌رامبه‌ر وڵاته كۆپییه‌كانی له ناوچه‌كه‌دا وه‌ك عێراق و سووریا و لوبنان و ته‌واوی ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی له ده‌وری هێڵی شیعه‌گه‌رین له ناوچه‌كه، هێشتا جیهان پێویستی به جۆرێك له دڵدارییه له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌دا و ئه‌مه‌ریكاییه‌كانیش نایانه‌وێت ئێران بڕووخێت و ده‌یانه‌وێت ده‌ستكاری ئه‌و مۆدێله بكه‌ن، كه له ئێران هه‌یه. ئێران یه‌ك مه‌به‌ستی گرنگی له‌م هه‌ڵبژاردنه هه‌یه، ئه‌ویش مانه‌وه‌ی ئێرانه، جا به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت.