مەسەدە راگەیەندراوێک لەبارەی هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی عەفرین بڵاودەکاتەوە
"هاوپەیمانی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە پشت هێرشکەی سەر نەخۆشخانەی عەفرین بوو"

K24 - هەولێر
مەسەدە هاوپەیمانی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی عەفرین تۆمەتبار دەکات.
ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە راگەیاندراوێکدا، هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەی عەفرین، ئاشکراشی کرد "ئەوان دەیان ویست پڕۆژەی مەسەدە لە ناوچەکە لە ناوبەرن بەر لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بایدن و ئەردۆغان".
لە راگەیەندراوەکەی مەسەدە هاتووە "هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە پشت رووداوی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی عەفرین بووە، هەر ئەوانیش بەرپرسن لە قوربانیانی رووداوەکە".
مەسەدە پێشی وایە ئۆپۆزسیۆنی سووری ویستوویانە سەرکردەکانی هەسەدە کە لە دژی داعش لە ناوچەکە رۆڵی دیاریان هەبووە لە ناوبەرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا مەسەدە، ئامادەی خۆشی نیشانداوە بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی سووریا کە ئامانجیان خزمەتکردنی خەڵکی سووریا و دەرکردنی هێزەکانی داگیرکەرە.
جەختیان لەوەشکردووەتەوە، رێگانادەن تاوانبارانی هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی عەفرین، بەبێ سزا دەرباز ببن و داوایان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کە ئەو دۆسیەیە پشت گوێ نەخات و سەرجەم تاوانباران سزابدات.