ئەنجومەنی ئاسایش پشتگیری پڕۆژەیاسای دادگای تاوانەکانی داعش دەکات
پڕۆژەیاسای دادگای تاوانەکانی داعش لە پەرلەمانی کوردستان، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە
K24 - هەولێر
پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، پشتگیری پڕۆژەیاسای دادگای تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان دەکەن و لەم نزیکانەش بۆچوونی خۆیان لەسەر دامەزراندنی دادگاکە دەگەیەننەوە پەرلەمانی کوردستان. بەریتانیاش پشتگیری خۆی بۆ پڕۆژە یاساکە دەردەبڕیت.
سەرۆکی پەرلەمان دەڵێ "ئەندامانی ئەنجومەنی ئایاسایش بۆچوونی جیاوازیان لەسەر پڕۆژەکە هەیە، دوای کۆکردنەوەی هەموو بۆچوونەکان ئەوکات پڕۆژەیاساکە ئامادە دەکرێت بۆ پەسەندکردنی.
جێگری کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای تاوانەکانی داعش سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە. بەریتانیا پشتگیری دادگایی کردنی تاوانبارانی داعش دەکات و پشتگیری تێپەراندنی ئەو پڕۆژەیاسایەش دەکات، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە داهاتوو کار دەکات بۆ دەوڵەمەندکردنی پڕۆژەیاساکە داواش دەکات قوربانیانی دەستی داعش قەرەبوو بکرێنەوە.
میلان سمارت، جێگری کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان بە هەماهەنگی کار دەکەن، بۆ پڕۆژەیاسای تاوانەکانی داعش، پێویستە بەشێوەیەکی یەکسان ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانەکان دا هەیە دادگایی بکرێن، قەرەبووی ئەو کەسانەش بکرێتەوە کە قوربانی تاوانەکانی داعشن".
گوتیشی: "بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا راوێژ دەکەین، بۆ ئەوەی پڕۆژە یاساکە دەوڵەمەندتر بکەین".
د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە کۆبوونەوەی راوێژکاریمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کردووە، ئێستا چووینەتە قۆناغێکی دیکە ئەویش کۆبوونەوەیە لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان، ئێمە لەگەڵ کونسوڵخانەکان قسە دەکەین، بۆ ئەوەی ئەوانیش لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکانیان قسە بکەن، سەبارەت بەوەی تاچەند پشتگیری هەرێمی کوردستان دەکەن لە دروستکردنی ئەم جۆرە دادگاییە، بۆمان گرنگە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چۆن پشتگیری دادگای تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان دەکات، ئێمە هەموو بیروڕا جیاوازەکان کۆدەکەینەوە".
پڕۆژە یاسای دادگای تاوانەکانی داعش لە پەرلەمانی کوردستان، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە ئێستا لەنێوان حکومەت و پەرلەمان و تیمی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە تاوانەکانی داعش لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەکە بۆ پەسەندکردنی لە گفتوگۆدان.