دڵنیایی لە ناردنی 200 ملیار دینارەکەی بەغدا دەدرێت

"وەزیری دارایی عێراقیش ناتوانێت رێگری لە ناردنی پارەکە بکات"

K24 - هەولێر

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، رێککەوتنی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق، لەبارەی ناردنی 200 ملیار دینار بۆ شەش مانگی رابردوو ھیچ کێشەیەکی یاسایی نییە. پێچەوانەی یاسای بودجەش نییە، بۆیە وەزیری دارایش دەستەڵاتی ئەوەی نییە رێگری لە ناردنی شایستە داراییەکان بکات، ئەگەر ھەر رێگریەکیش بکرێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات.

محەمەد ئەمین فارس، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەگوێرەی یاسای 23ی ساڵی 2021 کە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەرداوە، خودی وەزیری دارایی عێراقیش ناتوانێت رێگری لە ناردنی 200 ملیارەکە بکات، ئەگەر هەر ئاستەنگێک دروست بکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار بکات".

لەگەڵ راگەیاندنی رێککەوتنەکە وەک ھەمووجارێک ژمارەیەک پەرلەمانتار و لایەنی سیاسی رێککەوتنەکە بە پێچەوانەی یاسای بودجە دەناسێنن و دژی ناردنی ئەو پارەیەن، چاودێرێکی سیاسیش لەو بڕوایەدایە ئەو دژایەتیەیان بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنە و دەیانەوێت بەو دژایەتیە دەنگ کۆبکەنەوە.

مەدحەت سلێمان، چاودێری سیاسی دەڵێ: "ساڵی رابردووش حکومەتی فیدراڵ بڕیاریدا کە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات، بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریدا واژۆی لەسەر نەکات، واتا حزبەکان لە پشتی حکومەتەوە بڕیاردەدەن کە بەشە بودجەی کوردستان نەنێرن، ئەمەشیان بۆ رازیکردنی شەقام و بانگەشەی هەڵبژاردنە".

رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بۆ ماوەی شەش مانگە تا ئەو کاتەی لیژنەی وردبینی ھەولێر و بەغدا دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی. ئەو رێککەوتنەش بۆ ئەو شەش مانگە کراوە پێچەوانەی یاسای بودجە نییە و ھیچ کەسێکیش ناتوانێت رێگربێت لە ناردنی ئەو پارەیە، بەڵام بەشێک لەلایەنەکان بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن دژایەتی رێککەوتنەکە دەکەن.