سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا كۆبووه‌وه‌

دوای نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ماتيو توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق كرد.

دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌
دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

دوای نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ماتيو توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشوه‌خته‌ى عێراق و داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات، رۆڵ و سياسه‌تى ئيداره‌ى تازه‌ى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، تاوتوێ كران.

باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ريكا له‌ هاوبه‌شى و هاريكارى له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانه‌كان و دۆستانى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌گه‌ڵ  نێچيرڤان بارزانى هاوڕا بوو كه‌ تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى داعش له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ى جددى و راسته‌قينه‌ن و هاريكارى و هه‌ماهه‌نگى و به‌رده‌واميى ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌يان پێويستن.

نێچيرڤان بارزانى پابه‌نديى ئه‌مه‌ريكاى به‌ به‌رده‌واميى هاريكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانه‌كانى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌ په‌يامێكى گرنگ و مايه‌ى دڵنيايى له‌ قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان به‌ بره‌ودانى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا و فراوانكردنى بواره‌كانى هاريكارى و هاوبه‌شيى نێوانيان كرده‌وه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌دا باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا خۆشحاڵيى خۆى به‌ ده‌رچوونى خولێكى ديكه‌ى زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى كوردستان له‌ دهۆك نيشان دا و پيرۆزبايى له‌ ده‌رچووان كرد، هه‌روه‌ها پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هه‌نگاوه‌كانى يه‌كخستنى پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌.

به‌رنامه‌ى كارى سه‌ردانى باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا بۆ‌ هه‌رێمى كوردستان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى مه‌ڵبه‌ندێكى كه‌له‌پوورى‌ سريانى، پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا له‌ هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.

دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌
دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌