ڤاكسینی "عەبدوڵڵا"ی كوبی سەركەوتنی بەدەستهێنا

بۆچی دەبێت ڤاكسینێك لە كوبا بەناوی "عەبدوڵڵا" بكرێت؟

ڤاكسینی "عەبدوڵڵا"ی كوبی دژە كۆرۆنا، كاریگەرییەكەی بە سێ ژەم دەگاتە 92.28%
ڤاكسینی "عەبدوڵڵا"ی كوبی دژە كۆرۆنا، كاریگەرییەكەی بە سێ ژەم دەگاتە 92.28%

K24 - هەولێر:

كوبا ڤاكسینی دژە كۆرۆنای بەرهەمهێنراوی تایبەتی خۆی راگەیاند، كە بەناوی "عەبدوڵڵا"یە و بە گوێرەی میدیای فەرمی ئەو وڵاتەش، 92% كاریگەریی بەرامبەر بە ڤایرۆسەكە هەیە.

هەرچەندە كوبا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زیانێكی كەمی بەركەوتووە بەهۆی كۆرۆنا، تا ئێستا 170 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوونە و هەزار و 170 كەسیش بە پەتاكە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە هەوڵەكانی بەردەوام بووە بۆ ئەوەی ڤاكسینێكی تایبەت بەخۆی بەرهەم بهێنێت، كە رێژەی كاریگەرییەكەی سەرووی 90%ـە بە گوێرەی تاقیكردنەوەكان.

گرووپی "بایۆكوبافارما" سەر بە حكومەتی كوبا بڵاویكردووتەوە، سەنتەری ئەندازەیی بۆ ماوەیی و تەكنەلۆژیای زیندەیی، ڤاكسینی "عەبدوڵڵا"ی بەرهەمهێناوە و ئاستی كاریگەرییەكەشی، بە گوێرەی تاقیكردنەوە كلینیكییەكان، دوای وەرگرتنی 3 ژەمی ڤاكسینەكە، گەیشتووەتە 92.28%.

بۆچی ناونراوە "عەبدوڵڵا"؟

ئەوەی جێگەی سەرنجی میدیاكانی جیهانە، ناوی ڤاكسینەكەیە بەناوی "عەبدوڵڵا" كە ناوێكی عەرەبییە كراوە، ئەوەش بە گوێرەی میدیاكانی كوبا، لە دەقێكی شانۆیی وەرگیراوە بەناوی "شانۆگەریی عەبدوڵڵا" و لەلایەن خوزیە مارتی، شاعیر و ئەدیبی بەناوبانگی كوبی نووسراوە.

خوزیە لە ساڵی 1985 كۆچی دوایی كردووە، بەوە ناسراوە كە زۆرجار پەسنی عەرەبی كردووە، بە شێوەیەك سەرسام بووە بەو نەتەوەیە، ناوی پاڵەوانی یەكێك لە دەقە شانۆییەكانی بەناوی "عەبدوڵڵا" كردووە، كە گەنجێكی میسری بووە.

پیرۆزبایی سەرۆكی كوبا

لە چوارچێوەی دەنگدانەوەكانی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی عەبدوڵڵا، میگێل دیاز كانیل، سەرۆكی كوبا، كە لەلایەن ئەمەریكاوە گەمارۆی خراوەتەسەر، پیرۆزبایی لە پزیشكان و توێژەران و هاووڵاتیان كرد و گوتی: "زاناكانمان لە پەیمانگا و سەنتەری ئەندازەیی بۆ ماوەیی، بەرەنگاری ئاستەنگە سەختەكان بوونەوە و ڤاكسینیان پێشكەش كردین".