دەزگای راگەیاندنی پارتی: پەیوەندیی سەرانی پەكەكە بە كورد و كوردستانەوە، تەنیا خۆسەپاندنیانە بەسەر كوردستان

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، وە‌ڵامی دۆران كاڵكان دەداتەوە

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، وە‌ڵامی دۆران كاڵكان دەداتەوە و رایدەگەیەنێت "پەیوەندیی سەرانی پەكەكە بە كورد و كوردستانەوە، تەنیا خۆسەپاندنیانە بەسەر خاكێكدا كە كوردستانە و ئیستیغلالكردنی ئەو گەنجە كوردانەیە كە سەرانی پەكەكە كردوویاننەتە قوربانی شەڕە بێهوودەكانیان".

لە راگەیەندراویکدا بەشی رۆژنامەوانی  دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی هاتووە: "قسەكانی كاڵكان، زیاتر لە راپۆرتێك دەچن كە بۆ رازیكردنی دەرەكی نووسرابن، گوایە ئەو زانیاریانە نهێنین و هیچ كەس و لایەنێك ئاگاداریان نین و ئاشكراكردنیان پارتی دیموكراتی كوردستان ئیحراج دەكەن! لەمەشدا كاڵكان و پەكەكە سەرچیخ چوون، چونكە خۆیان لە هەمووان باشتر دەزانن، پارتی، بەئاشكرایی هەڵوێست وەردەگرێت و بەڕوونی قسەكانی خۆی دەكات".

ئەوەشخراوەتەڕوو: "جێگای سەرنجە، لە قسەكانی ئەمجارەیدا، كاڵكان، بەپێچەوانەی هەر لێدوانێكی بیست ساڵی رابردووی سەرانی پەكەكەوە، ناوی كورد و كوردستان چەندجارێك دووبارە دەكاتەوە. ئەمەشیان دیسان هەوڵێكی دیكەی چەواشەكردنی رۆڵەكانی نەتەوەی كورد و خەڵكی كوردستانە. ئاخر، هەمووان دەزانن، ناوی كورد و كوردستان، ساڵانێكە لە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی سەرانی پەكەكەدا نەماوە، بگرە خەباتی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان بەلای سەرانی پەكەكەوە، نەك لەكەیە، بگرە تۆمەتێكە كە لە هەموو بۆنەیەكدا رەتی دەكەنەوە".

 دەقی وەڵامی بەشی رۆژنامەوانی  دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی بۆ دوران کاڵکان:...

‎ڕۆژی 21ی ئەم مانگە، پێگەی (ANFNEWS)ی سەر بە پەكەكە، دەقی دیدارێكی لەگەڵ دۆران كاڵكان، وەك ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە بڵاو كردووەتەوە.

‎ئەڵبەت سەرلەبەری ئەو زانیارییانەی كە كاڵكان، وەك زانیاریی ورد و نهێنی، باسی كردوون، هەڵەن و تەنیا زانیارییەكی ڕاستیشیان تێدا نیە. بەڵام بەرلەوەی ناڕاستی یەك بەیەكی ئەو زانیارییانە بخەینە بەردەم رای گشتی كوردستان، جێی خۆیەتی چەند سەرنجێكی گشتی لەبارەی قسەكانی كاڵكانەوە بخەینەڕوو.

‎قسەكانی كاڵكان، زیاتر لە ڕاپۆرتێك دەچن كە بۆ ڕازیكردنی دەرەكی نوسرابن، گوایە ئەو زانیاریانە نهێنین و هیچ كەس و لایەنێك ئاگاداریان نین و ئاشكراكردنیان پارتی دیموكراتی كوردستان ئیحراج دەكەن! لەمەشدا كاڵكان و پەكەكە سەرچیخ چوون، چونكە خۆیان لە هەمووان باشتر دەزانن، پارتی، بەئاشكرایی هەڵوێست وەردەگرێت و بەڕوونی قسەكانی خۆی دەكات.

‎جێگای سەرنجە، لە قسەكانی ئەمجارەیدا، كاڵكان، بەپێچەوانەی هەر لێدوانێكی بیست ساڵی رابردووی سەرانی پەكەكەوە، ناوی كورد و كوردستان چەندجارێك دووبارە دەكاتەوە. ئەمەشیان دیسان هەوڵێكی دیكەی چەواشەكردنی رۆڵەكانی نەتەوەی كورد و خەڵكی كوردستانە. ئاخر، هەمووان دەزانن، ناوی كورد و كوردستان، ساڵانێكە لە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی سەرانی پەكەكەدا نەماوە، بگرە خەباتی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان بەلای سەرانی پەكەكەوە، نەك لەكەیە، بگرە تۆمەتێكە كە لە هەموو بۆنەیەكدا رەتی دەكەنەوە. پەیوەندیی سەرانی پەكەكە بە كورد و كوردستانەوە، تەنیا خۆسەپاندنیانە بەسەر خاكێكدا كە كوردستانە و ئیستیغلالكردنی ئەو گەنجە كوردانەیە كە سەرانی پەكەكە كردوویاننەتە قوربانی شەڕە بێهوودەكانیان، دەنا سەرانی پەكەكە، بەئاشكرا و بەنوسین و لێدوان، دەمێكە نكۆڵی لە ناوی كورد و كوردستان و ئاڵا و مێژووی بزاڤە رزگاریخوازە نەتەوەییەكەی كوردستان دەكەن.

‎سەرباری ئەوەی قسەكانی دۆران كاڵكان سەرلەبەریان چەواشەكاریین و ئیدعای بەمەرامن، دووپاتكەرەوەی واقیعێكی زۆر تاڵیشن كە سەرانی پەكەكە سوورن لەسەر دژایەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەت و دامەزراوە شەرعییەكانی و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، لەو پێناوەشدا ئامادەن هەموو ڕەفتار و چەواشەكاریی و ڕێككەوتنێكی ژێربەژێر بكەن، بەڵام دەبێت دوو ڕاستیش لەبەرچاو بگرن، خەڵكی هەرێمی كوردستان بەگشتی، بەدرووشمە ئایدیۆلۆجییە باونەماوەكانی پەكەكە ناخەڵتێن و بەوپەڕی قەناعەتەوە داكۆكی لە قەوارە و دەستكەوت و خاكەكەیان دەكەن، دووەمیشیان، رووبەڕووبوونەوەی سەرانی پەكەكە لەگەڵ ئەو گەنجانەی ناو پەكەكە كە بەناوی كورد و كوردستانەوە دوایان كەوتوون، كەچی ئەوان شەڕی كورد و كوردستانیان پێدەكەن، زۆر نێزیكە.

بەشی ڕۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
‎ پارتی دیموكراتی كوردستان